تەواوی ئەندامانی خێزانێك خنكان

:: PM:05:41:15/05/2021 ‌
لە سنووری شارۆكەی سۆران تەواوی ئەندامانی خێزانێك بە تەواوەتی خنكان و تا ئێستە تەنیا تەرمی دایكەكە دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئایار، بەیار باڵەكی گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ناوچەی گەشتیاری گەلی عەلی بەگ تەواوی ئەندامانی خێزانێك خنكان.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران گوتی، ئەو كەسانەی خنكاون خێزانێكی خەڵكی شنگالن، بەمەبەستی گەشتیاری هاتوونەتە ناوچەكە، ڕووداوەكەش بەهۆی بێ‌ ئاگاییان لە كچە تەمەن سێ‌ ساڵانەكەیان بووە، چووەتە ناو ئاوەكە، دواتر دایكی منداڵەكە ی تەمەن/ 22 ساڵ/، بەمەبەستی رزگاركردنی منداڵەكەی بە دوای منداڵەكەیدا دەچێتە ناو رووبارەكە، بەڵام ناتوانێت رزگاری بكات و ئەویش ژێرئاو دەكەوێت و دەخنكێ.

ڕوونی كردەوە، باوكی منداڵەكەش تەمەنی /26 ساڵ/ـە بۆ رزگاركردنی خێزان و منداڵەكەی دەچێتە ناو ئاوی گەلی عەلی بەگ، ئەویش ناتوانێت كچەكەی و هاوسەرەكەی رزگار بكات و خۆیشی دەخنكێت.

باسی لەوەشكرد، گەڕان بەدوای تەرمی باوك و كچەكە بەردەوامە و تەرمی دایكەكە دۆزراوەتەوە.

ساڵانە بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بەڕێنوێنییەكانی گەشتیاری 10 یان هاووڵاتی لە چۆم و ڕووبارەكان دەخنكێن.



وشە - رامیار جەواد