زیانەكانی داعش تا ئێستە چی بووە

:: AM:11:52:20/10/2016 ‌

لە ماوەی چوار ڕۆژی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ، داعش بە بەردەوام شكستی هێناوە.

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانییان ئەمڕۆ پێنجشەم، لە سێ قۆڵەوە هێرش بكەنە سەر داعش و لە هەرسێ قۆڵەكە سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەن، لە بەرامبەریشدا توانیویانە زیانی زۆر بە داعش بگەیەنن، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تێكڕای كوشتاری داعش لە ماوەی ئەم ڕۆژانەدا، زیاتر لە 150 تیرۆریست بووە.

زۆربەی زیانەكانی داعش بەهۆی هێرشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بووە كە لە ڕۆژانی یەكەم و چوارەمی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ ئەنجامیان داوە، بە كۆی گشتیش، جگە لە كوشتنی ئەو تیرۆریستانە، زیاتر لە 200 بۆمبی چێنراویش پووچەڵ كراونەتەوە و زیاتر لە 60 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەكانیان لەلایەن هێزە هاوپەیمانەكان، پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە تەقێنراونەتەوە.

لە میانی ئەو شكستانەی تووشی داعش بووە، كوشتنی نیشانشكێنە هەرە شارەزاكانیان بووە كە لە سەنگەرەكان جێگیر كرابوون، بە كۆی گشتیش، زیاتر لە 50 سەنگەریان وێران كراوە، هەندێكیان ڕایان كردووە و هەندێكیشی تیرۆریستان تێیاندا كوژراون.

لە بەرامبەردا، دەستكەوتی ئۆپەراسیۆنەكە، پاككردنەوەی زیاتر لە 300 كم چوارگۆشەیە لە دەست داعش، لە میانیدا حەمدانییە (قەرەقووش)، بەعشیقە، بەرتەلە و شورە كە سێ شارۆكەی گرنگ بوون لەگەڵ ئازادكردنی نزیكی 40 گوند.

لە هەڵمەتەكەی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تیرۆریستان بەهیچ شێوەیەك توانای بەرگرییان نەماوە و خەریكی ڕاكردنن، ئەوان پلانیان ئەوەبوو كە لە رێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ و بۆمبی چێنراوەوە بەر لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگرن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە مووشەكی میلان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە و تیمی ئەندازەیی پێشمەرگە، توانییان ئەو پلانەی تیرۆریستان تێك بشكێنن و بەردەوام بن لە پێشڕەوی.

سەعات 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و باشیك دەستیان بە هێرش بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردووە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ڕۆژی دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان