رێژەی تووشبون بە كۆرۆنا لە ئەڵمانیا بۆ نیوە دابەزی

:: AM:11:37:16/05/2021 ‌
ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانییانەی كوتراون، گەیشتە 30 ملیۆن كەس و سەرووی 10%ی دانیشتووانی ئەڵمانیاش هەردوو ژەمی پێكوتەكەیان وەرگرتووە. لە ماوەی هەفتەیەكدا رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەو وڵاتە بۆ نیوە دابەزیوە.

بە گشتی 36.5% كەس لە دانیشتووانی ئەڵمانیا، لانی كەم ژەمێكی كۆرۆنایان وەرگرتووە و نزیكەی 11% لە دانیشتووانی وڵاتەكەش بەنزیكەی دوو ژەمی پێكوتەكە كوتراون.
لە ئەڵمانیا تەنیا لە رۆژێكدا ملیۆنێك و 350 هەزار كەس كوتران

لە ئەڵمانیا تەنیا لە رۆژێكدا ملیۆنێك و 350 هەزار كەس كوتران، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی لەو وڵاتە لە كوتانی هاووڵاتییان بە پێكوتەی كۆرۆنا تۆمار كرد.

هەفتەی رابردوو لە ئەڵمانیا لە یەك رۆژدا 15 هەزار و 685 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام دوێنێ ژمارەی تووشبووان لە رۆژێكدا بریتی بوو لە حەوت هەزار، ئەمەش پێشانی دەدات رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەو وڵاتە بە خێرایی لە دابەزیندایە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە هەڵمەتی كوتان لە وڵاتانی دنیا بە گشتی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەتایبەتی، دەستی پێ كردووە و لە هەندێك وڵاتی ئەوروپا خەریكە لە كۆتایی پرۆسەكە نزیك دەكەونەوە. چاوەڕوان دەكرێ تا كۆتایی ئەمساڵ زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵمەتەكە تەواو بێت و ژیان تێیاندا ئاسایی ببێتەوە.

لە هەرێمی كوردستانیش بەو پشكەی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بەدەستی دەگات، كوتان دەستی پێ كردووە و لەگەڵ دابەزینی رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا، حكوومەت رێكارەكانی سووكتر كردووە و تەنانەت دەوامی قوتابخانەكانیش دەستیان پێ كردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان