خۆسووتاندنی بێهزاد لە نێوان هەوڵی رفاندن و پاڵپشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا

:: PM:04:03:20/05/2021 ‌
رووداوی خۆسووتاندنی پەناخوازێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەولێر لە چەند رۆژی رابردوودا، كۆمەڵێك دەرهاویشتە و باس و خواستی ناوخۆیی و دەرەكی بەدواوە بووە، ئەوەی زیاتر بووەتە مایەی سەرنج ئەوەیە، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی پاڵپشتی لەو پەناخوازە كردووە كە هەر لە دەست ستەمەكانی خۆی رای كردووە و لە لایەكی تریش كۆماری ئیسلامی بە رفاندنی گەنجەكە تۆمەتبار دەكرێت.

دوای ئەوەی بێهزاد مەحموودی لایەنگری سازمانی خەبات لە بەردەم UN خۆی سووتاند، میدیاكان بە شێوەی جیاواز قسەیان لەسەر ئەم رووداوە كرد. بەشی زۆری میدیاكانی هەرێمی كوردستان زیاتر پڕژانە سەر رووداوەكە خۆی و گلەیی و گازندەی زۆر لە چەند میدیایەك گیرا كە نەدەبوو رێیان بدایە ئەو گەنجە خۆی بسووتێنێت، لە پرسە سەرەكییەكە دوور كەوتنەوە كە بۆچی دەبێت پەناخوازێكی سیاسی هانا بۆ ئەو كارە ببات؟.

لەم چەند ساڵەدا وەڵامی نەدراوەتەوە و لە دۆخێكی سەختدا ژیاوە.


سازمانی خەبات پارتێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، هاوشێوەی پارتە سیاسییەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان بارەگای هەیە و دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەكات. بێهزاد لایەنگری ئەو حزبە بووە و داوای مافەكانی پەنابەریی سیاسیشی لە UN كردووە، وادیارە لەم چەند ساڵەدا وەڵامی نەدراوەتەوە و لە دۆخێكی سەختدا ژیاوە.
 
دوێنێ چوارشەم باس لەوە كرا تیمێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە كونسوڵگەوە هاتوون، سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە و ویستوویانە بێهزاد بڕفێنن، بێهزاد خۆیشی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە چەند كەسێك سەردانیان كردووە و بە زمانی فارسی لە ئەحواڵیان پرسیوە، بەڵام دواتر پێشمەرگەكانی خەبات نوێنەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە نەخۆشخانە دوور خستووەتەوە.

هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران

سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە بەیاننامەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ بێهزاد مەحموودی راگەیاندووە كە پەناخوازێكی سیاسییە و رۆژی سێشەم لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ئاگری لە جەستەی بەردا.

نوێنەرانی كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر سەردانی بێهزادیان كردووە


بەگوێرەی "ئیرنا" ماڵپەڕی فەرمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، نوێنەرانی كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر سەردانی بێهزادیان كردووە و لە نەخۆشخانەكە لەگەڵ ئەو پزیشكە قسەیان كردووە كە بێهزاد چارەسەر دەكات. ئەوان گوتوویانە ئامادەن هەموو هاوكارییەك پێشكەش بكەن و ئەگەر پێویست بكات بۆ ئێرانی بگوازنەوە.

نەسروڵا رەشنوودی سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر، بە پێویستی زانیوە رێوشوێنی ئەوە دابین بكات دایك و باوكی بێهزاد لە ئێرانەوە سەردانی هەولێر بكەن تا لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی كوڕەكەیان بن.

خاڵی سەرنج

هەردوو زانیاریی سەرەوە قسە هەڵدەگرن، لە لایەك  هێشتا بە وردی دیار نییە نوێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەبێ هەوڵی رفاندنی كەسێك بدات كە خۆی سووتاندووە و لە سەرەمەرگدایە و دەتوانێ چ سوودێك لەو رفاندنە وەربگرێت.

سەرووی 300 پێشمەرگە و پەنابەری سیاسیی لە باشووری كوردستان تیرۆر كردووە، خێرە ئێستە لە ئەحواڵی یەكێك دەپرسێت


لە لایەكی تریشەوە ئەگەر گریمانە بەیاننامەكەی كونسوڵگەی ئێران دروست بێت، چۆن دەبێت كۆماری ئیسلامیی ئێران كە دوژمنی سەرسەختی كوردی رۆژهەڵاتە و لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داوە پێشمەرگە و چالاكە سیاسییەكانی تیرۆر بكات، سەرووی 300 پێشمەرگە و پەنابەری سیاسیی لە باشووری كوردستان تیرۆر كردووە، خێرە ئێستە لە ئەحواڵی یەكێك دەپرسێت لە دەستی  ستەمەكانی خۆی رای كردووە.

زۆر سەیرە كەسێك لە دەستی كۆماری ئیسلامی هەڵاتبێت، دژی كۆماری ئیسلامی خەباتی كردبێت و دروشمی رووخانی كۆماری ئیسلامی بەرز بكاتەوە، بەڵام لە هەولێر هەر كۆماری ئیسلامی سەردانی بكات و پێی بڵێت هەموو هاوكارییەكی پێشكەش دەكەن. دیارە لە ئێران شۆڕشێكی تر كراوە و دەسەڵاتی نوێ بڕیاری داوە هەموو ئێرانییەك بپارێزێت و سەرجەم مافەكانیشی بۆ دابین بكات.

گردبوونەوە

ئەمڕۆ پێنجشەم بە سەتان پەناخوازی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر گرد بوونەوە و داوای مافەكانی خۆیان لەو رێكخراوە كرد.

داوایان كردووە، كەیسی سیاسییەكان لە ئەوانی تر جیا بكرێتەوە


پەناخوازانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوایان كردووە، كەیسی سیاسییەكان لە ئەوانی تر جیا بكرێتەوە، بە یەك چاو سەیری هەموو كەیسەكان نەكرێت. هاوكات داوا كراوە لە كەمپی تایبەت جێگیر بكرێن و مافەكانیان بۆ دابین بكرێت تا ئەوكاتەی بۆ وڵاتی سێیەم دەگوازرێنەوە.

لە داواكارییەكی تردا ئاماژە بەوە كراوە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دابینكردنی مافی پەناخوازانی سیاسی، دادپەروەر بێت و ئەوەی لە رابردوودا كراوە هیچ دادپەروەرییەكی تێدا نەبووە. هاوكات داوا كراوە فۆرمی خۆراك بۆ پەنابەرانیش درێژ بكرێتەوە كە بە بڕیارێك لە لایەن حكوومەتی عێراق وەستێنراوە، جگەلەمە باسیان لەوە كردووە نەخۆشەكانیان چارەسەر بكرێت و پێداویستی پزیشكی و تەندروستیان بۆ دابین بكرێت.

تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، گردبوونەوەی پەناخوازان بەردەوامە و داواكارن بەرپرسی رێكخراوەكە لە هەولێر وەڵامێكی روونیان پێ بداتەوە، تەنانەت ماوەیەك بارگرژیش لە نێوان پاسەوانانی رێكخراوەكە و خۆپێشاندەران رووی دا.

پشتیوانی لە ماف و داواكارییەكانی پەناخوازانی سیاسی دەكەین كە لە دەستی ئێمە رایان كردووە


با بزانین رووداوەكان بەكوێ دەگەن و ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لەسەر ئەو كەیسە كردبێتە خاوەن، ئەوا دەبێت بەیاننامەی تر دەربكات و لە بەیاننامەكەدا بنووسێت، "پشتیوانی لە ماف و داواكارییەكانی پەناخوازانی سیاسی دەكەین كە لە دەستی ئێمە رایان كردووە و هانایان بۆ UN بردووە، داوا لە UN دەكەین رێز لە مافەكانیان بگرێت، هەرچەندە ئێمە زۆر باشین و لەخۆوە رایان كردووە."



وشە - سلێمان تاشان