دەسەڵاتەكانی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سنووردار دەكرێت

:: AM:10:24:06/10/2016 ‌
تا ئێستە هەر بڕیارێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی سووریا دەركراوە، رووسیا رێگەی لێ گرتووە و ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێشنیاز دەكات، پێداچوونەوە بە دەسەڵاتی رووسیا لەناو ئەو ئەنجوومەنە بكرێت.

دوای راگرتنی دانوستانەكانی نێوان رووسیا و ئەمەریكا لەبارەی پرسی سووریا، ئاسۆكانی گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی لە رێگەی سیاسیی و دانوستان دوورتر كەوتووەتەوە. رووسیا ئەمەریكا بە پاڵپشتی تیرۆریستان لەناو سووریا تاوانبار دەكات و ئەمەریكاش رووسیا بە منداڵكوژ و پاڵپشتی دیكتاتۆریی تاوانبار دەكات و بە هۆكاری بەردەوامی شەڕ و خوێنڕشتنی ناو دەبات لە سووریادا.

روسیا لەناو ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆكردنی هەموو بڕیارێكی هەیە و رێگەی لە هەموو ئەو بڕیارانە گرتووە كە لە دژی رژێمی ئەسەد دەرچوون، بەو هۆیەیش ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای كردووە پێداچوونەوە بەو ماف و دەسەڵاتە بكەن كە بە رووسیا دراوە.

زەید رەعد حوسێن لە جنێڤ رای گەیاند، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش پێداچوونەوە بە مافی ڤیتۆكردن بكات بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی پێوەستن بە تاوانی شەڕ و جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ نەوەستێنرێن.

رەعد رای گەیاند، دەبێ سنوورێك بۆ ئەندامە هەمیشەیییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دابنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی ئێستە لە حەلەب ئەنجام دەدرێت، بگەیەنێتە دادگەی تاوانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لەوێوە بریاری بۆ دەر بكرێت.

وشە/ئاژانسەكان- هیدایەت جان




وشە - هیدایه‌ت جان