سبەی باران دەبارێ‌

:: AM:10:46:24/05/2021 ‌
لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سبەی باران سنووری شارەكان دەگرێتەوە و كەشوهەوا فێنك دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی ئایار، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەم شەو بارستە هەوایەكی فێنك روو لە ناوچەكەمان دەكات، لەگەڵ كاریگەری ئەم بارستە هەوایە، باران لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت.

پلەكانی گەرمی بەیانی زووی رۆژی سێشەم لە تەواوی ناوچەكەمان بەچەند پلەیەك روو لە نزمبوونەوە دەكات
زیاتر گوتی، سبەی سێشەم لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی بارانبارینی كەمێك زیاتر دەبێت، پاشان سنووری پارێزگای هەولێریش دەگرێتەوە و لەگەڵ بارانەكە، هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت و هەندێ ناوچەش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێكی سووكی دەبێت، كاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە لە كەشی ناوچەكەمان تا ئێوارەی رۆژی سێشەم بەردەوامی دەبێت.

ڕوونی كردەوە، نزمترین پلەكانی گەرمی بەیانی زووی رۆژی سێشەم لە تەواوی ناوچەكەمان بەچەند پلەیەك روو لە نزمبوونەوە دەكات، بەرزترین پلەی گەرمی لە هەولێر 33 دەبێت، لە دهۆك 31 دەبێت، لە سلێمانی 33 و لە كەركووك 35 دەبێت.

نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە كاتێكدایە ئەمساڵ بەهۆی كەمی باران، لە بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان وشكەساڵی بوو.




وشە - رامیار جەواد