شێخى باڵه‌ك له سنوورى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران هه‌ڵكه‌وتووه، له خوار مه‌رقه‌دى شێخه‌كه‌وه، كانیاوێكى سروشتى هه‌یه، خه‌ڵك له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ئاوه‌كه‌ى ده‌خۆنه‌وه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه بۆ نه‌هێشتنى به‌رد و قومی گورچیله یارمه‌تییان ده‌دات، ئه‌وه‌ش وای كردووه ساڵانه هه‌زاران گه‌شتیارى ناوخۆیى و بیانى به‌مه‌به‌ستى خواردنه‌وه و بردنه‌وه‌ى ئاوه‌كه، سه‌ردانى بكه‌ن.
ره‌مه‌زان عه‌بدولهادى هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى سۆران بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "10 ساڵ به‌ر له ئێسته به مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى گورچیله، ئاوى شێخى باڵه‌كانم به‌كار هێناوه و سوودى زۆرم لێ بینیوه، به‌ڵام خواردنه‌وه‌ى ئاوى شێخى باڵه‌كان پێویستى به به‌رنامه و مه‌رج و رێنوێنیى دیاریكراوى خۆی هه‌یه".
ئه‌و ده‌ڵێ، "ده‌بێت بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگ ئاوه‌كه به به‌رده‌وام به‌كار بهێنرێت و بخورێته‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ چێشتلێنانیش سوود له هه‌مان ئاو وه‌ربگیرێ و به‌و ئاوه چێشت لێ بنرێت ئاوى تر تێكه‌ڵ به‌و ئاوه نه‌كرێت، تا نه‌خۆشیى گورچیله و به‌رد و قوم نه‌مێنێ".
ئاوى شێخى باڵه‌ك هه‌ر به ناوى ئه‌و شێخه‌یه كه مه‌رقه‌دی له‌سه‌ر كانیاوه‌كه‌یه، ئه‌و ئاوه به جۆرێك باوه‌ڕى بۆ خه‌ڵك دروست كردووه كه هه‌ر كه‌سێك به‌رد و قومى گورچیله‌ى هه‌بێت، به خواردنه‌وه‌ى ئاوه‌كه چاك ده‌بێته‌وه.
دڵدار مسته‌فا روستایی به‌رپرسى بنكه‌ى گه‌شتوگوزارى چۆمان به "وشه"ى راگه‌یاند، "ئه‌م كانییه به كانی ده‌رماناوی شێخی باڵه‌كان ناسراوه، ئاوی كانیاوه‌كه به‌مه‌به‌ستى لابردنى به‌رد و قومی گورچیله به‌كار دێت و خه‌ڵكێكى یه‌كجار زۆر رووى تێده‌كه‌ن و له‌رووی زانستییه‌وه تاقی كراوه‌ته‌وه كه ئاوه‌كه‌ی بۆ گورچیله سوودی هه‌یه".
ئاوی شێخی باڵه‌كان ده‌كه‌وێته ناو شاره‌دێى حاجی ئۆمه‌ران و به‌دووریى نزیكه‌ی 20كم له شارۆكه‌ى چۆمانه‌وه هه‌ڵكه‌وتووه.
وه‌ك به‌رپرسانى ده‌ڤه‌ره‌كه دووپاتى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، جگه له خه‌ڵكى ناوخۆى كوردستان، ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له شاره‌كانی خوارووى عێراق و ئه‌وروپا سه‌ردانی كانیاوه‌كه ده‌كه‌ن و ئاوه‌كه بۆ نه‌خۆشیی گورچیله به‌كار دێنن، زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى روو له ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى ده‌كه‌ن، له كانى شێخى باڵه‌كه‌وه بڕێك ئاو له رێگه‌ى گالۆنه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه‌وه.
روستایى ده‌ڵێ، "ئاوه‌كه به بڕی دوو ئینچ له ناوچه‌كه دێته خواره‌وه و له ده‌وروبه‌رى كانیاوه‌كه ژماره‌یه‌ك سابات و دووكان بۆ پشوودانی گه‌شتیاران دروست كراون، ناوچه‌ى شێخى باڵه‌كان بۆ گه‌شتیارى له‌باره و ئاوهه‌وای له وه‌رزی هاویندا فێنكه و گونجاوه، بۆیه ساڵانه هه‌زاران كه‌س له هاووڵاتییان و گه‌شتیاران بۆ پشوودان و بردنی ئاوه‌كه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری گورچیله سه‌ردانی ده‌كه‌ن".
ئه‌و دووكان و فرۆشگه و كافتریایانه‌ى له ده‌وروبه‌رى كانى شێخ باڵه‌ك دروست كراون، زه‌وییه‌كانیان به‌گرێبه‌ستى بانه‌وانى (موساته‌حه) وه‌رگیراون، ئه‌وان بازاڕیان به‌تایبه‌ت له وه‌رزه‌كانى به‌هار و هاویندا به ته‌واوه‌تى گه‌رم ده‌بێت.
كانیاوه‌كه جگه له‌وه‌ی ئاوی پاك بۆ به‌شێكی سنووره‌كه دابین ده‌كات، هاوكات دوو كارگه‌ی ئاوی كانزاییش بۆ بازرگانی له‌سه‌ر ئاوه‌كه دروست كراون و له رێگه‌ى له بوتڵكردنه‌وه ئاوه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌ننه بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
مه‌غدید عه‌ریف ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه، "كانیاوى شێخى باڵه‌ك له‌سه‌ر مه‌رقه‌دى شێخى باڵه‌كه و ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى و ئاینییه و له هه‌موو كوردستان و عێراق ناسراوه، ساڵانه رێژه‌یه‌كى یه‌كجار زۆر خه‌ڵك له كوردستان و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان روو له‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌ن و ئاوه‌كه به مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیى گورچیله و به‌ردى گورچیله به‌كار دێنن".
ئه‌و زیاتر ده‌ڵێ، "پێكهاته‌ى ئاوه‌كه كاریگه‌رى زۆرى هه‌یه بۆ نه‌خۆشیى گورچیله، خه‌ڵكانێك كه به كاریان هێناوه سوودیان لێ بینیوه و ئێسته‌ش به‌رده‌وامن له به‌كارهێنانى ئاوه‌كه".
"له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی شێخی باڵه‌كان له شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران هه‌ر كه‌سێك سه‌ردانی گۆڕی شێخ بكات، پێویسته له پێشدا سه‌ردانی گۆڕی شوانی شێخ بكات كه گۆڕه‌كه‌ى له گوندی شیوه‌ڕه‌شی سه‌ر به شاره‌دێى حاجی ئۆمه‌ران به دوورى دوو كیلۆمه‌تر له گۆڕی شێخ هه‌ڵكه‌وتووه"، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران واى گوت.
روونى كرده‌وه، "مه‌رقه‌دى شێخى باڵه‌كان جگه له ئاوى كانیاوه‌كه‌ى، خه‌ڵك وه‌ك زیاره‌تى ئاینیش به‌كارى ده‌هێنن و سه‌ردانى ده‌كه‌ن، كانی شێخى باڵه‌كان له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه گرنگى پێ دراوه و ساڵانى رابردوو گرێبه‌ستێك له لایه‌ن ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ دوو هاووڵاتیى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران كراوه به مه‌به‌ستى به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌كه و گرنگیدان به‌و شوێنه، ئێسته‌ش له پلاندایه به دیزاینێكى جوانتر ناوچه‌ى گه‌شتیارى كانى باڵه‌ك نۆژه‌ن بكرێته‌وه".
شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌ران له رووی كارگێڕیی سه‌ر به شارۆكه‌ی چۆمانه و 170كم له باكورى شارى هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه، ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و سارده، 19 گوند له‌خۆ ده‌گرێت و له ساڵی 1976 بووه‌ته شاره‌دێ.
حاجى ئۆمه‌ران/ مورشید برادۆستى