هه‌موومان كه به‌كارهێنه‌ری مۆبایلی زیره‌كین، چه‌ند ڕێنوێنییه‌كمان له‌باره‌ی شه‌حنی مۆبایل له‌لایه‌ن كه‌سانی تر یان خێزانه‌كه‌مانه‌وه پێ دراوه، به‌ڵام ئه‌م ڕێنوێنییانه تا چه‌ند ڕاستن و تا چه‌ند ته‌نیا بۆ ترساندنمان بوون؟
ماڵپه‌ڕی arageek له ڕاپۆرتێكدا باس له‌و زانیارییه بێ سه‌رچاوانه ده‌كات كه ساڵانێكه به‌كارهێنه‌رانی مۆبایلی زیره‌كی پێ ترسێنراوه و پێویسته چیتر باوه‌ڕیان پێ نه‌كه‌ن، زانیارییه‌كانیش له‌باره‌ی شه‌حنی مۆبایله‌كانمانه كه هه‌موومان وه‌ك شتێكی مه‌ترسیدار سه‌یرمان كردوون.
_ كه مۆبایله‌كه‌ت له‌ژێر شه‌حندایه، به‌كاری مه‌هێنه
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی مۆبایلی زیره‌ك له دنیادا، ئه‌م زانیارییه به هه‌مووان دراوه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ری هه‌یه مۆبایله‌كه به شه‌حنه‌وه گه‌رم بێت و له‌كاتی به‌كارهێنان به‌هۆی كاره‌باوه بته‌قێته‌وه و تووشی ڕووداوی نه‌خوازراومان بكات، چه‌ندان نموونه‌ی واشمان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ڤیدیۆ و وێنه پیشان دراوه، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه:
ڕاسته مه‌ترسیداره، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نییه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر مۆبایله‌كه‌ت له‌ژێر شه‌حن دانا و پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیت بۆ هات، وه‌ڵام بده‌یته‌وه ئاساییه، یان نامه‌یه‌كی گرنگت بۆ هات مه‌رج نییه له شه‌حن لێی بكه‌یته‌وه ئینجا وه‌ڵام بده‌یته‌وه، به‌ڵكو حاڵه‌ته مه‌ترسیداره‌كه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه یاریی پێ ده‌كه‌ن و به شه‌حنه‌وه به سه‌عات و دوو سه‌عات پێیان ده‌بێت.
شاره‌زایانی ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر هه‌ستت كرد مۆبایله‌كه‌ت گه‌رم بووه، ڕاسته‌وخۆ سه‌یری پاتریی مۆبایله‌كه‌ت و شه‌حنه‌كه‌ت بكه، دڵنیا ببه‌ره‌وه له‌وه‌ی هه‌موو شت سه‌لامه‌ته، ده‌نا له‌و حاڵه‌تانه ده‌بێته هۆی ته‌قینه‌وه.
به‌كارهێنانی مۆبایل به شه‌حنه‌وه وا ده‌كات مۆبایله‌كه‌ت دره‌نگتر شه‌حن وه‌ربگرێت، به‌پێی تێپه‌ڕینی كاتیش ئه‌مه وا ده‌كات پاترییه‌كه‌ی لاواز بێت و زوو تێكبچێت، بۆیه ئه‌گه‌ر زۆر گرنگ نه‌بێت به‌كاری مه‌هێنن، هه‌روه‌ها پسپۆران ده‌شڵێن، ئه‌گه‌ر شه‌حنی مۆبایله‌كه‌ت ئۆرجیناڵ و كوالیتیی به‌رز نه‌بوو، هه‌رگیز به‌كاری مه‌هێنه.
_ مۆبایله‌كه‌ت به‌درێژایی شه‌و بكه‌یت به شه‌حنه‌وه، پاترییه‌كه‌ی وێران ده‌كات
ئه‌م قسه‌یه بۆ مۆبایله كۆنه‌كان ڕاست بوو، به‌ڵام ئێسته مۆبایله زیره‌كه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دروست ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر شه‌حنه‌كه‌ی بوو به 100%، هه‌رچه‌ند له‌ژێر شه‌حن و كاره‌باش بێت، شه‌حنی زیاد وه‌رناگرێت و مه‌ترسیی بۆ مۆبایله‌كه نابێت، به‌ڵام پێویسته له شتێكیش ئاگادار بیت، ڕاسته مۆبایله‌كه شه‌حنی زیاد وه‌رناگرێت، به‌ڵام كاره‌باكه‌ی مادام پێوه‌یه هێشتا په‌ستان ده‌خاته سه‌ری و به‌مه‌ش ڕه‌نگه ببێته هۆی گه‌رمبوونی پاتریی مۆبایله‌كه و زیانی پێ بگه‌یه‌نێت، واته پاترییه‌كه‌ی گه‌رم بێت و ببێته هۆی زوو تێكچوون؛ بۆ خۆپاراستن له حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ش، باشتره مۆبایله‌كه‌ت شه‌وان دوور له خۆت بكه‌یت به شه‌حنه‌وه.
_ تا شه‌حنی مۆبایله‌كه‌ت نه‌گاته سفر، شه‌حنی مه‌كه‌وه
پێشتر كه پاترییه‌كان له ئایۆنی نیكڵ دروست ده‌كران، ئه‌م قسه‌یه ڕاست بوو، چونكه ئه‌م جۆره پاترییانه میمۆرییان زوو له ده‌ست ده‌دا و نه‌ده‌زانرا شه‌حنی چه‌ند وه‌رگرتووه، به‌ڵام بۆ ئێسته كه دنیا پێشكه‌وتووه و پاترییه‌كان له ماده‌ی ئایۆنی لیسیۆم دروست ده‌كرێن، ڕاست نییه.
وه‌ك هه‌ر خاڵێكی تر، له‌م خاڵه‌ش ده‌بێ وریا بیت، چونكه هه‌ر پاترییه‌كی مۆبایل له توانایدایه 400 بۆ 500 جار شه‌حن له سفر تا 100 وه‌رگرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه ته‌نیا 400 بۆ 500 جار بتوانی مۆبایله‌كه‌ت بكه‌یت به شه‌حنه‌وه، به‌ڵكو له‌و ڕێژه‌یه ده‌توانی له سفره‌وه بیكه‌یت به شه‌حنه‌وه، بۆیه باشتر وایه ڕێ نه‌ده‌یت شه‌حنی مۆبایله‌كه‌ت زۆر بگاته سفر، باشتر وایه له 20% تا 80% مۆبایل بكرێت به شه‌حنه‌وه.
_ پاتریی مۆبایله‌كه‌ت بخه‌یته ناو به‌فرگر، ته‌مه‌نی درێژتر ده‌كات
ئه‌م قسه‌یه نه‌ك هه‌ر بووه‌ته باو و زۆر كه‌س بڕوایان پێیه‌تی، به‌ڵكو به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه تاقیش ده‌كرێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌ڵگرتنی پاتریی مۆبایلی زیره‌ك له‌ناو به‌فرگر كه ئێسته له ماده‌ی ئایۆنی لیسیۆم دروست ده‌كرێت، زۆر مه‌ترسیداره، ڕاسته ته‌ڕبوونی پاتری مه‌ترسیدارتره له ساردبوونی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای وه‌رگرتنی ساردیی پاتریش سنوورداره، بۆیه نابێت له به‌فرگردا هه‌ڵگیرێت و دواتر بخرێته‌وه ناو مۆبایل و گه‌رم بكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت له ڕێژه‌یه‌كی ئاسایی هه‌ڵگیرێت و نه زۆر گه‌رم بكرێت نه بكرێت به سه‌هۆڵ، باشتریش وایه له شوێنی كراوه و پله‌ی گه‌رمیی مامناوه‌ندی ژوور هه‌ڵگیرێت.