"وشە" پیلانێكی تیرۆریستان ئاشكرا دەكات

:: PM:12:23:20/10/2016 ‌

چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە میحوەری باشیك و ناوەران و تلسقۆف بە تەواوی ورەیان ڕووخاوە و خەریكی ڕاكردنن، چەكدارانی داعش بە پەلە ڕیش و سمێڵیان دەتاشن و دەیانەوێ لە رێی ئاوارەكانەوە و بێنە كوردستان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست "وشە" كەوتووە، چەكدارانی داعش لە میحوەری ناوەران و تەلسقۆف و باشیك، بۆ پەناگەیەك دەگەڕێن تا ڕیش و سمێڵیان بتاشن و سەر و سیمایان لە چەكدارانی داعش نەچێت.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوەش دەكەن، تیرۆریستان بە ڕیش و سمێڵی تاشراوەوە دەیانەوێ لەگەڵ ئاوارەكان و خەڵكی مەدەنی ناوچەكانی ژێر دەستیان وەك ئاوارە دەربازی خاكی كوردستان بن.

بەپێی ئەو وێنەیەی دەست "وشە" كەوتووە، ئەم دیمەنە لە یەكێك لە گوندە رزگاركراوەكان تۆمار كراوە و تەواوی كارتۆنەكە پڕە لە مووی ڕیش و سمێلی تیرۆریستان، بۆیە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی كوردستان ئاگەداری ئەم پیلانەی تیرۆریستان بن.

سەعات 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و باشیك دەستیان بە هێرش بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردووە.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆ درا و هەڵمەتەكان لەلایەن هێزەكانەوە، رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە، ئەمڕۆش لە میحوەری خازر و باشیك و ناوەران و تلسقۆف و بەنداوی مووسڵ هێزەكان دەستیان بەپێشڕەوی كردووە و زیانی زۆریان بە تیرۆریستان گەیاندووە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د