ئینتەر میلان بەدوای راهێنەرێكی نوێ دەگەڕێ

:: PM:12:49:20/10/2016 ‌

یانەی ئینتەر میلان بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی ئەم دواییەی لە خولی پلە یەكی ئیتاڵیا، لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی فڕانك دی بۆر راهێنەری هۆڵەندی نزیك بووەتەوە و بۆ ئەمەش سێ راهێنەر نوێی خستووەتە بەرنامەكانییەوە.

رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: یانەی ئینتەر میلان لە ئێستادا خەریكی تاوتوێكردنە لەگەڵ سێ راهێنەر بۆ دوای دی بۆر.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە پاڵێوراوی یەكەم بۆ راهێنەرایەتیی یانەی ئینتەر میلان برێتییە لە لیۆناردۆی راهێنەری بەڕازیلی كە پێشتر و بەر لە 6 ساڵ راهێنەرایەتیی یانەكەی كردبوو و توانیبووی جامی ئیتاڵیاش بۆ یانەكە بەدەست بێنێ.

لیۆناردۆ ئێستا بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییە و ماوەی شەش ساڵە بەتەواوی لە كاری راهێنەرایەتیی دوور كەوتووەتەوە.

پاڵێوراوی دووەمی یانەی ئینتەر میلان مارسێلۆ بیلسای راهێنەری ئەرجەنتینییە كە هاوینی رابردوو نزیك بوو لە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەیەكی خولی ئیتاڵیا ئەویش یانەی لاتسیۆ بوو، بەڵام بەهۆی رێك نەكەوتن گرێبەستەكەی نێوانیان ئەنجام نەدرا.

پاڵێوراوی سێیەم رۆدی گارسیای فڕەنسی و راهێنەری پێشووی یانەی رۆمای ئیتاڵییە كە وەرزی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكەی پایەتەختی ئیتاڵیا لێ سەندرایەوە.

جێی باسە یانەی ئینتەر میلان دوای ئەنجامدانی 8 یاریی لە وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا تەنیا لە 3 یارییدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و هەروەها لە دوو یاریی رابردووشی لە خولی ئەوروپا دۆڕاوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م