120 شاكاری هونەریی جیهانی ون دەبن

:: AM:09:19:13/06/2021 ‌
ئێستە دادگای باڵای ئیتالیا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لە ونبوونی دەیان شاكاری هونەریی جیهانی كە لەو وڵاتەدا هەن، كارە هونەرییەكان پێكهاتوون لە تابلۆی شێوەكاری و پەیكەر و بوارەكانی تری شێوەكاری، تا ئێستە بۆ دۆزینەوەیان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 13س حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، ونبوونی شاكارە جیهانییەكان لە ئیتالیا، سەربە تۆڕی "رای" تەلەڤزیۆنییە، كاتێك ونبوونی شارەكارەكان ئاشكرا بوون، لەڕێی دزینی تابلۆی "ئەركیتیتۆرا"ی شێوەكاری جیهانی ئۆتونە روزای بووە كە فەرمانبەرێك لە جێی ئەو تابلۆیە، كۆپییەكی داناوە و تابلۆ رەسەنەكەی دزیوە. ئێستە پۆلیس و دادگا بەدوای شاكارەكانی تردا دەگەڕێن.

بەپێی میدیاكانی ئیتالیا كە پێگە عەرەبییە لەوانی وەرگرتووە، بەلای كەمەوە 120 شاكاری جیهانیی سەر بەو تۆڕە ون بوون، ئەویش كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان ئەمادیۆ مۆدیلیانی، كامی كۆرۆ، كڵۆد مۆنیە، جۆرجیۆ دی شێركیۆ و چەندان هونەرمەندی تر.

ئاماژە بەوە دراوە كە چەندان كۆمپانیا سەربەو تۆڕەن و شاكارە هونەرییەكانی تێدا پارێزراون، ئێستە كە كارەكان ون بوون، گومان لەوە دەكرێ پیلانێكی وردی بەدواوە بێ كە بۆ ماوەیەكی درێژ دەگەڕێتەوە.

ئەو فەرمانبەرەی تابلۆی "ئەركیتیتۆرا"ی شێوەكاری جیهانی ئۆتونە روزای دزیوە و كۆپییەكی هاوشێوەی لە جێی داناوە، كۆپییەكە بۆ ساڵانی حەفتاكانی سەتەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك ئەو جێگۆڕكییەی تابلۆكان ئاشكرا بووە، دەركەوتووە چەندان كاری تری هونەریی بەهەمانشێوە لەناو كۆمپانیاكان ون بوون.

بەبۆچوونی بەڕێوەبەری كەلەپووری هونەریی لە كەناڵەكانی "رای" نیكۆڵا سینیزی، ناكرێ ونبوونی ئەو ژمارە زۆرەی كارە هونەرییەكان هەڕەمەكی بێت، بێگومان پیلان بۆ ئەوە دانراوە، چونكە بەهای كارە هونەرییەكان خۆیان لە سەتان ملیۆن یۆرۆ دەدەن، ئەوە جیا لە لێدانە لە ئابووری وڵات، هاوكات وێرانبوونی سەروەتی كولتووری وڵاتەكەیە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د