زانیاری نوێ‌ لەسەر دۆزینەوەی خەزێنەكەی سۆران بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:08:55:14/06/2021 ‌
قایمقامی سۆران ئاشكرای دەكات، لە گوندی سرێشمەی شارەدێی خەلیفان دوای هەڵكۆڵین لە زەوییەك، گۆزەیەك دەدۆزرێتەوە و 204 پارچە سكەی كانزایی تێدابووە.
 
ئەمڕۆ دووشەم 14ـی حوزەیران، لە ڕوونكردنەوەیەكی قایمقامی سۆراندا هاتووە، ڕۆژی چواری حوزەیران، هاووڵاتییەك لە گوندی سرێشمە بەناوی "ر" لەكاتی كاركردنی لە پارچە زەوییەك، گۆزەیەك دەردەكەوێت و بەهۆی ئامێری حەفارە‌ گۆزەكە دەشكێت، هەر لەلایەن هەمان هاووڵاتییەوە پارچە سكە كانزاییەكان كۆ دەكرێنەوە، دوای سێ ڕۆژ پارچە سكەكان كە 204 پارچە بوون، ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات.

تێكڕای ئەو پارچە سكانە لەژێر دەستی لیژنەكەدایە 468 پارچە سكەی دۆزراوەن
 ڕوون كراوەتەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ بەدواداچوون لەم كەیسە، لەلایەن قایمقامیەتی سۆران لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهات كە پێكهاتبوون‌ لە هەریەك لە نوێنەرانی قایمقامیەتی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، سەردانی شوێنەكەیان كرد.

باس لەوەش كراوە، دوای سەردانی مەیدانی و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونێكی زۆر لەلایەن لیژنەكەوە، بەهاوكاری خەڵكی گوند و هاووڵاتییەكە، 264 پارچە سكەی كانزایی تریش لە هەمان شوێن دۆزرانەوە، تێكڕای ئەو پارچە سكانە لەژێر دەستی لیژنەكەدایە 468 پارچە سكەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەكرێت.

ئەوەیش باس كراوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران لە ڕێی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا، بەردەوام دەبێت بۆ لێكۆڵینەوەی شوێنی دۆزینەوەی شوێنەواری ناوچەكە و مێژووی ئەو پارچە سكانە.

سۆران/ مورشید برادۆستی



وشە - رامیار جەواد