پێشمەرگە 8 گوندی لە میحوەری ناوەران كۆنتڕۆڵ كردەوە

:: PM:01:23:20/10/2016 ‌

هەڵمەتەكەی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی ناوەران و باشیك و تەلسقۆف و بەنداوی مووسڵ بەردەوامە و تەنیا لە میحوەری ناوەران، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویانە هەشت گوند كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، تا ئێستە لە میحوەری ناوەران گوندەكانی ناوەران و باریمە، خۆرسئاباد، فازلییە، سماقییە، دێرمارا، جەنجی، عومەر قەبجی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە.

وەك لە نەخشەكە دەردەكەوێ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی ڕووبەڕێكی یەكجار فرەوان لەو میحوەرە لە تیرۆریستانی داعش پاك بكاتەوە و هەنگاوێكی گەورەتری ناوە بۆ نزیكبوونەوە لە سەنتەری شاری مووسڵ.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 6:00 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ناوەران و باشیك و بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستان.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆ درا و هەڵمەتەكان لەلایەن هێزەكانەوە، رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە، ئەمڕۆش لە میحوەری خازر و باشیك و ناوەران و تلسقۆف و بەنداوی مووسڵ هێزەكان دەستیان بەپێشڕەوی كردووە و زیانی زۆریان بە تیرۆریستان گەیاندووە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د