بەبڕیاری سەرۆك بارزانی، هێزەكانی یەكەی 80 لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێك دەخرێن، سیاسەتمەدارێكی كوردیش وێڕای دەستخۆشی لە بڕیاری سەرۆك بارزانی، بە پێویستی دەزانێت بۆ یەكەی 70ی یەكێتی هەمان هەنگاو بنرێت.
ئەبوبەكر عەلی سیاسەتمەداری كورد بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەم ھەنگاوە دەبوو دەمێكە بنرایە، یەكنەگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 تەواوی هێزەكانی تر ئەركێكی دواخراوی نیشتمانییە، جێی دەستخۆشییە كاك مەسعوود بڕیاری داوە بەوەی هێزەكانی 80 لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێك بخرێتەوە.
ئەو بە پێویستی دەزانێ هێزەكانی 70ی یەكێتیش بە زووترین كات بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەو چوارچێوەیەدا بەشداربن لە دامەزراندنی سوپایەكی نیشتمانیی نوێی كوردستانی، كە تەنیا خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان بزانێت و خۆی لە حزب رزگار بكات و ببێتە ئامرازێكی گرنگی دووبارە بیناكردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی یەكگرتوو، پرۆسەی نیشتمان و نەتەوەسازیی و پێنانە قۆناغی كۆتایی شەڕی ناوخۆ و بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵات.
ئەبوبەكر عەلی دەڵێت، "لە وتارێكمدا بە ناونیشانی بۆ بارزانی، داوام كردبوو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر خۆی لەگەڵ ھەنگاوی یەكگرتنەوە و دووبارە بیناكردنەوەكانی ھێزەكاندایە، چاوەڕێی بەرانبەرەكەی نەكات و بڕیاری ئەوە بدات ھێزەكانی 80 بچنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە ئەمە ئەركێكی نیشتمانییە، ئێستە ڕێگریكردنیشە لە نائومێدبوونی ھاوپەیمانەكانمان لە ھەرێم و حكوومەتەكەی. ئەم ھەنگاوەش لەلایەن پارتییەوە لە حاڵەتی رژدبوونیدا، پاساو بۆ مانەوەی ھێزەكانی 70یش بەم جۆرەی ئێستە ناھێڵێت."
چوونی ئەو هێزانە بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە، وا دەكات ببنە ھێزی نیشتمانی
وەك زیاتر خستیەڕوو، یەكێتیش ھاوشێوەی پارتی هیچ پاساوێكی نامێنێت تا هێزەكان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بهێڵێتەوە، قۆناغەكە ئەوە دەخوازێ هەنگاو بنرێت بۆ دووبارە خۆبیناكردنەوەی سیستم و چاكسازی و زاڵبوون بەسەر ناكۆكی و دابەشبوونە ناوخۆییەكاندا. چوونی ئەو هێزانە بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە، وا دەكات ببنە ھێزی نیشتمانی و لە خزمەت ھیچ ئەجێندایەكی حزبی و گرووپی و ناوچەییدا نەبن، كەلە جەوھەردا دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان و ستراتیجی بیناكردنەوەی ھەرێمێكی بەھێز و یەكگرتوو و دیموكراتە، ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بكەن لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدا دەبن.
ئەو دووپاتی دەكاتەوە، لەم دۆسیەدا هەنگاوی بەكردەیی بنرێت، چونكە دۆخەكە ھەستیارە، كوردستان بەبێ یەكگرتنەوەی ئەم هێزانە هیچ هەنگاوێك بەرەوپێشەوە نانێت، هاوپەیمانان كە خەریكی بیناكردنەوە و چاكسازین لە هێزی پێشمەرگەدا، نیگەرانن لە یەكنەگرتنەوەی ھێزەكان و ئەمەشیان زیاد لە جارێك راگەیاندووە.
ئەبوبەكر عەلی داوای لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد لەو چوارچێوەیە ئەركی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن، بڕیار بدەن لە نزیكترین كاتدا هێزەكانی 70 یش بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ھەمووشیان كار بكەن لەسەر ئەوەی لەسەر دەستوور ڕێك بكەون، لەوێشدا كاری حزبیی لەناو ئەم ھێزانە قەدەغە بكرێت و ڕێ بگیرێت لەوەی تێكەڵ بەسیاسەت و ململانێی سیاسی ببن.
هەڵەبجه / عەزیز هەورامی