"وەزیری دارایی عێراق ناتوانێ واژووی ناردنی بودجەی هەرێم نەكات"

:: PM:01:36:14/06/2021 ‌
دوای لێدوانی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ئەوەی ئامادە نییە واژووی ناردنی بودجەی هەرێم بكات، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەگەر شاندەكانی هەرێم و بەغدا رێك بكەون، وەزیری دارایی ناتوانێ واژووی نەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 14ی حوزەیران، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، پرسی بەشە بودجەی هەرێم روونە و لە مادەی 11ی یاسای بودجە باسی لێ كراوە ئەگەر شاندی هونەریی هەرێم و بەغدا رێك بكەون و حیساباتی داهاتی نەوت و نانەوتی بكەن، وەزیری دارایی عێراق ناتوانێ واژووی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم نەكات.

ناردنی بودجەی هەرێم لە دەسەڵاتی ئەو دوو شاندەدایە


ئەو روونی كردەوە، ناردنی بودجەی هەرێم لە دەسەڵاتی ئەو دوو شاندەدایە نەك وەزیری دارایی و چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا بە رێككەوتن بگەن.

زیاتر لە دوو مانگە هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای بودجەی 2021 رێككەوتن، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە. بەپێی یاسای بودجە هەرێمی كوردستان، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل بە بەهای سۆمۆ رادەستی حكوومەتی عێراق دەكات و لە بەرانبەردا حكوومەتی عێراقیش پشكی هەرێم لە بودجە رەوانە دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان