پارتی چیتر ئەوە لە یەكێتی قبووڵ ناكات پێیەكی لە حكوومەت و پێیەكی تری لە ناو ئۆپۆزسیۆن بێت

:: PM:02:22:14/06/2021 ‌
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان ئاگادار كردووەتەوە كە پابەندی ئەو رێككەوتنە بن كە بۆ دامەزراندنی حكوومەت كردوویانە، دوور بكەونەوە لە لێدوان و ئەو قسە دژبەیەكانەی كە دەیكەن. پارتی چیتر ئەوە لە یەكێتی قبووڵ ناكات پێیەكی لە حكوومەت و پێیەكی تری لە ناو ئۆپۆزسیۆن بێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێش پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنیان واژوو كردووە لەبارەی حكوومەت و بەشداریكردن لە كابینەی نۆ، بڕگە و بەرنامە و كارەكان و ئەو پۆستانەی كە بەر یەكێتی دەكەون لەو كابینەیە، هەروەها پابەندبوون بەو رێككەوتنی نێوانیان.

بە فەرمی یەكێتییان ئاگادار كردووەتەوە


ئاری هەرسین ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی/هەڵەبجە، بە "وشە"ی راگەیاند، لەبارەی پرسی یەكێتی كە بەشدارە لە حكوومەت و پێچەوانە و دژ كار دەكات، چەند جارێك مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، بە فەرمی یەكێتییان ئاگادار كردووەتەوە كە پێكەوە بەشدارن لە حكوومەت و پابەندن بە یەك بەرنامەی حكوومەت.

ئەوەشی گوت، پارتی یەكێتی ئاگادار كردووەتەوە پێویستە هاوكاری یەكتر بن لەسەر ئاستی حكوومەت، هەر كێشەیەكیان رووبەڕوو بێتەوە، پێویستە لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران باس بكرێت، ناكرێ لە ناو حكوومەت بیت و پێچەوانەی بەرنامەی حكوومەت كار بكەی.

كێشە ئەوەیە یەكێتی دەیەوێ بەشداری حكوومەت بێت و ئیمتیازات و پلە و پۆست وەربگرێت، لە دەرەوەش وەك ئۆپۆزسیۆن كار بكات، هەروەها بەشدار بێت لە بڕیارە باشەكانی حكوومەت، خزمەتەكانی حكوومەت بە خزمەتی خۆی بزانێت، بەڵام كاتێك گرفتێك بێتە پێشەوە خۆی لێ بێبەری دەكات.

بەگوتەی هەرسین، یەكێتی پێش پێكهێنانی كابینەی نۆ، بەردەوام لێدوانیان دەدا و داوایان دەكرد كە شەراكەتی راستەقینەیان هەبێت لە حكوومەت، نابێ حیسابی كورسی پەرلەمانیان بۆ بكرێت و دەبێت حیسابی حزبێكی خاوەن خەبات و مێژوویان بۆ بكرێت، لەسەر ئەو بنەمایە پارتی زۆر زیاتر لە بەركەوتەی خۆی پۆست و پلەی بە یەكێتی بەخشی.

بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی و بەدیاریكراوی باڵێكی ناو ئەو حزبە، لێدوان و قسەی دژ بەرانبەر بە حكوومەت دەكەن و وەك ئۆپۆزسیۆن قسە دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتی نوێنەری لە حكوومەت هەیە كە قوباد تاڵەبانییە و جێگری سەرۆكی حكوومەتە، لەگەڵ چەند پۆستێكی باڵاو جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و چوار وەزیرو بریكار و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی.

یەكێتی سەری لێ شێواوە


بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەو شێوازە كاركردنەی یەكێتی زیاتر بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، دەیەوێ لە ئێستەوە بۆ كاتی هەڵبژاردن دەست بكات بە موزایەدە و لە كاتی هەڵبژاردن بڵێ ئێمە بەو جۆرە كارمان كردووە، لە كاتێكدا تەواوی بڕیارەكانی حكوومەت بە ئاگاداری قوباد تاڵەبانی و وەزیرەكانی ئەو حزبە دەكرێن.

هاوكات كاوە ئەحمەد چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی سەری لێ شێواوە، هیچی پێ نەماوە و بەو قسانەی دژی حكوومەت، دەیەوێ خەڵكی چەواشە بكات و بیكاتە دەسكەوت و بە هاووڵاتی بڵێ دەنگمان پێ بدەن، بەڵام خۆشیان دەزانن خەڵك بڕوایان پێ ناكات و ئەوان بەشدارن لە هەر بڕیار و كاریك لە حكوومەت كە دەكرێت.

ئەو ئاماژەی دا، یەكێتی دەیەوێ بڕیارە باشەكان لە ناو حكوومەت بكات بە دەستكەوتی خۆی و بە هی خۆیان بزانێت و بەشدار بێ تێیاندا، بەڵام كاتێك دۆخێك بێتە پێشەوە پارتی بەجێبهێڵێت و بڵێت ئەوە بڕیاری ئێمە نییە و بەشدارین لەو بڕیارە، لەوەتەی پارتی خۆی بە تەنیا قورسایی حكوومەتی هەڵگرتووە، رووبەڕووی ئاستەنگەكان بووەتەوە.

 چەند جارێك ئەندامانی پەرلەمان و حكوومەت باسیان لەوە كردووە ئەگەر نیوەی داهاتی مەرزەكانی سلێمانی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، مووچە بە تەواوی و بێ لێبڕین دابەش دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان