باشترین تەمەنی وەچەخستنەوە بۆ ژن چەندە؟

:: PM:07:28:14/06/2021 ‌

رەنگە زۆرێك لە ژنان یەكسەر دوای شووكردنیان بیر لە بوون بە دایك بكەنەوە، كە خەونی هەموو ژنێكە خێزانێكی خۆی ببینێ و ماڵەكەی بكات بە شانشینێك، بەڵام باشترین كات كامەیە بۆ توانای بوون بە دایك و گەیشتن بەو خەونە و دووگیانبوون، كە رەنگە لە ژنێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاواز بێت.
توانای وەچەخستنەوەی ژن لە تەمەنی 32 دەست بە كەمبوونەوە دەكات
وەك رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، باسی دەكات، كاتێكی نموونەیی بۆ بوون بە دایك هەیە، بەپێی توێژینەوەكانی كۆلێجی ئەمەریكا بۆ پزیشكیی ژنان و لەدایكبوون، توانای وەچەخستنەوەی ژن لە 32 ساڵی روو لە كەمبوونەوە دەكات، واتە تا پێش ئەو تەمەنە باشترینە بۆ وەچەخستنەوەی ژن، جیا لەو راستییەی ژن تا كۆتایی تەمەنی توانای وەچەخستنەوەی نییە. 

وەك ئەو كۆلێجە ئاماژەی كردووە، هەر كە كچ گەیشتە تەمەنی باڵغبوون، دەست بە دروستكردنی هێلكۆكە و سووڕی مانگانە دەكات، بۆیە دەكرێ لە تەمەنی 10 بۆ 14 ساڵ دووگیان ببێت، هاوكات جەستەی ژن لە تەمەنی هەرزەكاریدا توانایەكی زۆری وەچەخستنەوەی هەیە، رەنگە كچ لە تەمەنی 15 ساڵی ئامادە بێت بۆ دووگیانبوون، بەڵام بەشەكانیتری جەستەی ئامادە نییە، چونكە دووگیانی پێویستی بە توانای جەستەیی ئامادەیی تەندروستی و سۆزداری و دارایی باش هەیە. 

بەڵام وەك باس كرا توانای وەچەخستنەوەی ژن لە تەمەنی 32 دەست بە كەمبوونەوە دەكات و دوای 37 ساڵی خێراتر كەم دەبێتەوە، بۆیە لە رووی بایۆلۆجییەوە باشترین تەمەن بۆ دووگیانبوونی ژن، لە بیستەكانی تەمەنیەتی، ئەوكاتە جەستەی پێگەیشتووە و ئامادەیە و توانای هەڵگرتنی كۆرپەلەكەی هەیە و ماوەی 10 ساڵی تەواویشی لەپێشە تا كەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوەی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل