بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە دەرهێنانی پاسپۆڕت، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ، بۆ ئەوەی پاسپۆڕتی بۆ دەربهێنرێ، پێویستە باوکی لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕت ئامادە بێت.
بەڵام سەبارەت بەو منداڵانەی کە باوکیان کۆچ دوایی کردووە، یان لە دەرەوەی وڵاتە، یاخۆ ون و بێسەروشوێنە، یانیش بە هەر هۆکارێکی تر ناتوانێت ئامادەبێت لە کاتی دەرهێنانی پاسپۆڕت بۆ منداڵەکەی، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانی ئەم ئاگەدارییەی بڵاوکردووەتەوە و ئەم مەرجانەی خوارەوەی دیاری کردووە بۆ دەرهێنانی پاسپۆڕت بۆ ئەو منداڵانە:
یەکەم- لە کاتی دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ منداڵی خوار (18)ساڵ، ئەگەر باوک لە ژیاندا نەمابێت، پێویستە بەخێوکەر (ولی امر)ەکەی بەڵگەنامەی پێسپاردن (حجە الوصایە)ی پێبێت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، بە پێچەوانەوە مامەڵەکەی جێبەجێ ناکرێت.
دووەم- لەکاتی مامەڵەی پاسپۆرت بۆ ئەو منداڵانەی بەخێوکەر (ولی امر)یان ونبووە (مفقود)ە یاخۆ ناتوانێت ئامادەبێت بە هەر هۆکارێک، پێویستە لای دادوەر بەڵگەی ماڵپارێزی و ماڵبەستی (حجە حجر و القیمومە) لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکەیان، بە پێچەوانەوە مامەڵەکەی جێبەجێ ناکرێت.
سێیەم- ئەو کەسانەی دەیانەوێت پاسپۆرت دەربهێنن بۆ منداڵەکانیان، باوکیان لە دەرەوەی وڵاتە و منداڵەکەش تەمەنی لە خوار (18ساڵ)ە لەو کاتەدا، پێویستە بریکارنامەی تایبەت (وکالە خاصە) بۆ دەرکردنی پاسپۆرت بکاتەوە بۆ کەسێکی دیکە و تێیدا بە روونی ئاماژەکرابێت بە دەکردنی پاسپۆرت بۆ منداڵەکانی، هەروەها بریکارنامە (وکالە خاصە)ەکە لەلایەن(فەرمانگەکانی دەرەوە+ وەزارەتی داد)ی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتڕاست (تصدیق)کرابێتەوە، بە پێچەوانەوە مامەڵەکەی جێبەجێ ناکرێت.