وادەی ناردنی بودجەی هەرێم ئاشكرابوو

:: AM:11:40:16/06/2021 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، بەغدا لەم مانگەوە بەشە بودجەی شەش مانگی هەرێمی كوردستان بەسەر یەكەوە رەوانەی هەرێم دەكات. دەشڵێت بۆ هەر مانگێك بەغدا 200  ملیاری دیاری كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی حوزەیران، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا بڕیاری داوە بودجەی شەش مانگ بەسەر یەكەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بۆ هەر مانگێكیش بڕی 200 ملیار دینار رەوانە دەكات.

ئەو روونی كردەوە، ئەو پارەیەی كە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، بۆ هەر شەش مانگەكە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینارە و ئەگەر دووبارە تێكی نەدەن، ئەم مانگە تەواوی ئەو پارەیە رەوانەی هەرێم دەكەن.

دیار نییە میكانیزمەكە چۆن دەبێت.


لە بارەی میكانیزمی خەرجكردنی ئەو پارەیە ئایا حكوومەت لێبڕین كۆتایی پێ دەهێنێ یان پارە بڕاوەكان بۆ فەرمانبەران دەگێڕنەوە، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە دیار نییە میكانیزمەكە چۆن دەبێت. ئەو لەبارەی ناردنی پارەكەی بەغدا ئاماژەی دا، لە هەر حاڵەتێكدا دەبێ چاوەڕێی داهاتی سلێمانی بكەن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو چەندان جار شاندی ناردووەتە بەغدا بۆ كۆتاهێنان بە كێشەكان، دواجار لە مانگی نیسانی ئەمساڵ رێككەوتن لەسەر یاسای بودجەی 2021 كرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان