ژنێك بەكوژراوی لە گۆڕستان دۆزرایەوە و بكوژەكەشی گیرا

:: AM:11:43:16/06/2021 ‌
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، تۆمەتبارێكیان گرتووە هەڵساوە بە كوشتنی ژنێك لە گۆڕستانێكی سلێمانی و تەرمەكەشی لەو شوێنە جێهێشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی حوزەیران، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، پۆلیس ئەو تۆمەتبارەی گرت كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ژنێكی لە گۆڕستانی سەیوان خنكاندبوو، دواتر تەرمەكەی بەجێهێشتبوو.

ڕوون كراوەتەوە شەوی 30ـی ئایار، تەرمی ژنێك بەخنكێنراوی لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە و لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كرد.

باس لەوەش كراوە، پاش لێكۆڵینەوەی ورد و كۆكردنەوەی زانیاریی پێویست، شەوی ڕابردوو ئەنجامدەری تاوانەكە لە هەمان شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكەی دۆزرایەوە و گیرا.

ئاشكرا كراوە، تۆمەتبار "ب، ب، ح" لەدایكبووی 1997 لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا، ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە و ئێستە بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد