شارەزایەك: سیستمی نێودەوڵەتی گۆڕاوە و رۆڵی ئەمەریكا پاشەكشەی كردووە

:: PM:08:43:16/06/2021 ‌

دیداری لووتكەی ئەمەریكا و رووسیا بەڕێوە چوو، ئەو دوو وڵاتەی رۆژێك لە رۆژان سەركردایەتی دوو هاوپەیمانی دژ بەیەكیان دەكرد و لە جەنگێكی سارددا بوون و دنیایان كردبووە دوو بەرەی نەیار و هەموو كێشەكان دەچووەوە بەر دەرگەی ئەوان، لەناو ئەگەری پەرەسەندنی جارێكی تری نەیاریی ئەو دوو وڵاتە شارەزایەك ئاماژە بۆ دروستبوونی فرەجەمسەری لە دنیای نوێدا دەكات.
یاسادانەرانی ئەمەریكا: ئەگەر ئامادەسازی نەكەین لەوانەیە چین پێش ئەمەریكا بكەوێتەوە
د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی گوت، دووجەمسەری تێپەڕیوە و دنیا بەرەو فرەجەمسەری دەچێت، لە ساڵانی نەوتی سەتەی رابردوو دەمانگوت سەرەتای سەرهەڵدانی تاكجەمسەرییە، بە كۆتاهاتنی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت ئەمەریكا سەركردایەتی دنیا دەكات، لە دوای جەنگی عێراق لە 2008 بەدواوە ئەمەریكا كەم كەم پاشەكشەی كرد، كە دەیگوت دەسەڵاتم بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەپێنم و سیستمێكی دیموكراتی لەو وڵاتانە دادەمەزرێنم، ئەو شكستی هێنا.

زیاتر گوتی، لەو ساتەوە رۆڵی رووسیا و چین پەرەی سەندووە و دۆخەكە لە دنیا نەوەك بەرەو دووجەمسەری، بەڵكو بەرەو فرەجەمسەرییە، جیا لە رووسیا ئێستە چین هێزێكی گەورەی ئابووری و سەربازی و ئەگەر هەیە لە 2030 پێش ئەمەریكا بكەوێتەوە، بۆیە یاسادانەرانی ئەمەریكا پێیان وایە ئەگەر لە ئێستەوە ئامادەسازی نەكەن، لەوانەیە چین پێش ئەمەریكا بكەوێتەوە.

ئەو مامۆستایەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دووپاتی كردەوە كە سیستمی ئێستەی نێودەوڵەتی ئەو سیستمە نییە ئەمەریكا وەك تاكجەمسەر بڕیار بدات، بۆ نموونە كێشەی سووریا تا ئاستێكی زۆر بڕیار لە دەستی رووسیادایە، بۆیە دەتوانین بڵین لە زۆر كێشەدا ئەمەریكا پاشەكشەی كردووە و سیستمی نێودەوڵەتی گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل