حكوومەتی عێراق لە شنگال بە پێنووسێكیش ھاوكاری پەروەردە ناكات

:: AM:11:52:17/06/2021 ‌
بە هەزاران قوتابی شنگال بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ،چاویان لەوەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری بكرێن و بەڕێوەبەری پەروەردەی ئەو شارەش دەڵێ، حكوومەتی عێراق لە شنگال بە پێنووسێكیش ھاوكاری پەروەردە ناكات.

میەسەر حاجی ساڵح بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، بۆ "وشە" گوتی، بەھۆی دۆخی خراپی شنگال پرۆسەی خوێندن ھەندێك كێشەی ھەیە، چونكە ئیدارەی شەرعی لە شنگال نییە و بڕیارە تاقیكردنەوە ئەنجام بدرێن بۆ ھەردوو پۆلی نۆی بنەڕەتی كە ٧٠٠ قوتابی لە شنگال ھەن، پۆلی 12 لە ھەزار قوتابی زیاترە.

ئەو بە پێویستی دەزانێ ئەو قوتابیانە بێنە ھەرێمی كوردستان تاقیكردنەوە بكەن، چونكە دۆخی شنگال نالەبارە، هەڵبەت رێ دوورە و وەزیری پەروەردەش بۆ ئەو مەبەستە لەسەر خەتە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن.

ساڵی رابردوو حكوومەت شوێنی بۆ قوتابیان گرت و خەرجی بۆ دابین كرد


بەگوتەی حاجی ساڵی رابردوو حكوومەت شوێنی بۆ قوتابیان گرت و خەرجی بۆ دابین كرد، داواكارن ئەمساڵیش بەھەمانشێوە چاوەڕوانیی بەدەنگەوەهاتنیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، خوێندنی ئەوانە بە كوردییە و حكوومەتی عێراقیش ھیچیان بۆ ناكات.

میەسەر حاجی ساڵح ئاماژەی دا، لەناو كەمپەكانیش قوتابییان ھەیە كە بۆ  پۆلی نۆ 900 قوتابی و بۆ پۆلی 12 زیاتر لە ھەزار و 400 قوتابین، خوێندنی كوردی بە هۆی پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێم زۆر باشە، بەڵام خوێندنی عەرەبی لە شنگال خراپە.

وەك بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال خستیەڕوو، بۆ خوێندنی عەرەبیش لە شنگال حكوومەتی عێراق بەھیچ شێوەیەك ھاوكارییان ناكات و تەنانەت پێنووسێكیشیان بۆ دابین نەكراوە، رێكخراوەكان ھاوكارییان دەكەن و مامۆستایانی وانەبێژیش بەخۆڕایی دەوام دەكەن. زیاتر لە چوار هەزار قوتابیی سەربە حكوومەتی عێراقن، بەڵام بەھۆی ئەوەی كوردی ئێزیدین، ھیچ ھاوكارییان ناكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان