فیلمی سینەمایی "ئەزموون" ئامادەی نمایشكردنە

:: PM:01:08:17/06/2021 ‌
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam لە دەرهێنانی شەوكەت ئەمین كوركی سینەماكاری ناسراوی كورد، ئامادەی نمایشكردنە. ئەو فیلمە بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە.
 
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەكتاش و لە نووسینی سیناریۆی هاوبەشی شەوكەت ئەمین كوركی و محەمەد ڕەزا گەوهەری، سیناریۆنووسی ناوداری سینەمای ئێرانە و دوایین قۆناغەكانی تەكنیكی لە ستۆدیۆكانی شاری ئیستانبوڵ و بەرلین تەواو كردووە، ئێستە كە ئامادەی نمایشە و لە داهاتوویەكی نزیكدا لە فێستیڤاڵە گرنگەكانی دنیا بەشداری دەكات. 
 
فیلمەكە بەرهەمی كومپانیای "میتوس فیلم"ە له شاری بەرلین لە ئەڵمانیا، كۆمپانیای "مەستی فیلم" له شاری سلێمانی؛ بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەرزی پایزی ساڵی 2019 لە شاری سلێمانی وێنە گیراوە و ستافێكی پیشەگەر لە سینەماكارانی هەرێمی كوردستان، ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باكوری كوردستان و هەروەها ئەڵمانیا تێیدا بەشدارییان كردووە.   
كۆمەڵێك ئەكتەری بەئەزموونی هەرێمی كوردستان بەشدارن
 
مەنسوور جیهانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فیلمەكە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لەو فیلمەدا كۆمەڵێك ئەكتەری بەئەزموونی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەندان ئەكتەری نوێ و گەنجی كوردستان ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، كاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان، حەمەڕەشید هەرەس، یانا توانا، سۆلاڤ حەمەغەریب، زەریا سامی، دیدار غەریب، بەهار مەعرووفی، ژیر فەرەیدوون، ئومێد زەندی، مەستان مەریوان و ...
 
"ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەمایی شەوكەت ئەمین كوركییە، كە لە دوای "پەڕینەوە لە غوبار"، "شوێنێك بۆ یاری" و "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد"بەرهەم هاتووە، لە فێستیڤاڵە گرنگەكانی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی كردووە و كۆمەڵێك خەڵاتی بەرچاوی بۆ سینەمای كوردستان بەدەست هێناوە. 


وشە - سلێمان تاشان