لە سۆران سواڵكردن لە ترافیكەكان قەدەغە دەكرێت

:: PM:02:26:17/06/2021 ‌
لە شارۆكەی سۆرانی سەربە پارێزگای هەولێر، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری سواڵكەر و منداڵی بچووك لە ترافیك لایتەكان، ناڕەزایی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە، بۆیەش ئەم كارە قەدەغە كرا.

لە شار و شارۆكەكانی كوردستان سواڵكردن لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، ڕۆژانە منداڵ و گەنج و پیر سواڵ دەكەن، ئەم كارە بەجۆرێك پەرەی سەندووە، شوێنی ترافیكەكان كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت .

ئەمڕۆ پێنجشەم شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ناڕەزایی و سكاڵای زۆری شوفێرەكان لە ترافیكەكان، بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران ئاگاداری بنكەی پۆلیسی نەوجەوانانی سۆرانی كردەوە لەبارەی سواڵكردن و كاركردنی منداڵان لە ترافیكەكان،  بەسەرپەرشتی ئەفسەری بنكەی پۆلیسی نەوجەوانانی سۆران و كارمەندانی بنكەكە، توانیان دیاردەی كاركردنی منداڵان بنبڕ بكەن. بۆ ئەو مەبەستەش چەند كەسێكیان بانگ كرد و بەڵێننامەیان لێ وەرگیرا چیتر لە ترافیكەكان كار نەكەن. 

شەماڵ دێواری دەڵێت، "منداڵانی خوار  15 ساڵ و لە تەمەنێكی زۆر بچووك لە ترافیكەكان كلینس و بنێشت و ئاو دەفرۆشن و هەر بەو بیانووە دەرۆزەش دەكەن، ئەمەیش سیمای شاری ناشیرین كردووە. ئێمە ڕێگڕی لە كاسبی خەڵك ناكەین، بەڵام منداڵی وا بچووك شیاوی ئەو جۆرە كارانە نییە."
 
هەر سواڵكەرێك لە ناو بازاڕ و شەقامەكان ببینن، دەیگرن

ئەو ددانی بەوە نا كە نەیانتوانیوە سواڵكردن بەتەواوی قەدەغە بكەن، بەڵام هەر سواڵكەرێك لە ناو بازاڕ و شەقامەكان ببینن، دەیگرن و ڕێكاری پێویستیان بەرانبەر جێبەجێ دەكەن. زانیاریشیان هەیە چەندان جار سواڵكەر چوونەتە ماڵان و لەو ڕێیەوە دزیان كردووە، بۆیە پێویستە خەڵكیش هاوكار بن.

سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەربە پارێزگای هەولێرە و ناوەندی هەرسێ شارۆكەی رواندز، چۆمان و مێرگەسۆرە. سۆران بەدووری  110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە و ژمارەی دانیشتووانی دەڤەرەكە سەرووی 300 هەزار كەسە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - سلێمان تاشان