له‌كاتێكدا به بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ركه‌سێك دوو ژه‌مه ڤاكسینی وه‌رگرتبێت، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، پشكنینی كۆرۆنای بۆ ناكرێت، به‌ڵام نووسه‌رێك كه گه‌شتیار بووه و له‌و مه‌رزه‌دا تێپه‌ڕیوه ده‌ڵێ، له مه‌رزی باشماخ گوتوویانه ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رده‌گیرێ سه‌رانه‌یه و بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لێره ناخوات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 17ی حوزه‌یران، مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی نووسه‌ر و چاودێری سیاسی، به "وشه"ـی ڕاگه‌یاند، "كه ڕۆشتین بۆ ئێران له ماوه‌ی ڕابردوودا، لایه‌نی ئێرانی كارتی وه‌رگرتنی دووجار ڤاكسینی كۆرۆنا په‌سند بوو و هیچ پشكنینێكیان بۆ نه‌كردین".
روونی كرده‌وه كه به‌یانی ئه‌مڕۆ له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان له مه‌رزی باشماخ، گوتوویانه ده‌بێت پشكنینی كۆرۆنا بكه‌ن، "ئێمه‌یش كارتی دووجار وه‌رگرتنی ژه‌مه ڤاكسینم پێشاندان، به‌ڵام گوتیان ئه‌وه ناخوات لای ئێمه و هه‌ر ده‌بێت پشكنین بكه‌ن".
به بڕیاری حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كوردستان، هه‌ركه‌س دووجار ژه‌مه ڤاكسینی وه‌رگرتبێت، ئه‌وه له فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه‌كانی هاتوچۆ پشكنینی بۆ ناكرێت، به‌ڵام كه‌وڵۆسی ده‌ڵێت، "له مه‌رزی باشماخ پێیان گوتین با وه‌زاره‌ت هه‌ر قسه بكات، بڕیاره‌كه‌مان پێ نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام له ناومهرزی باشماخ زانیم ڕێنوێنییهكهیان به ژماره (258) پێیان گه‌یشتووه، له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه پاره وه‌رگیرا كه دوو ژه‌م ڤاكسینیان وه‌رگرتبوو، هه‌ركه‌سێك بڕی 40 هه‌زار دیناری لێ وه‌رگیرا، له‌گه‌ڵ من دوو كه‌سی تری هاوشێوه‌ی خۆم كارتی وه‌رگرتنی ژه‌مه ڤاكسینه‌كه له‌لایان نه‌یخوارد".
هه‌روه‌ك دووپات ده‌كاته‌وه كه له مه‌رزه‌كه‌دا پێیان گوتوون، "ئه‌مه سه‌رانه‌یه، سه‌رانه‌ی خۆتان بده‌ن و فه‌رموو بڕۆن".
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌وام قاچاخی لێ ده‌كرێ، مه‌رزی باشماخ ئێسته كێشه‌یشی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووه، ئه‌ویش بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی گه‌شت و وه‌رگرتنی ڤاكسین، جێبه‌جێ ناكات.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز هه‌ورامی