له دیمانه‌یه‌كی ''وشه'' له‌گه‌ڵ د. شێركۆ عه‌باس نادر پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری و نه‌شته‌رگه‌ری به‌نازوور و مامۆستای زانكۆ - كۆلیژی پزیشكی، له‌باره‌ی چه‌وریی جگه‌ر قسه ده‌كات كه ئه‌م نه‌خۆشییه چییه و هۆكاره‌كانی تووشبوون و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه چین؟ به‌شێوازێكی زانستی حاڵه‌ته‌كه ده‌خاته‌ڕوو و هۆشیاریی و ڕێنوێنی له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه بڵاو ده‌كاته‌وه.
چه‌وریی جگه‌ر چییه؟
چه‌وریی جگه‌ر بریتییه له كۆبوونه‌وه‌ی چه‌وری له خانه‌كانی جگه‌ردا، جگه‌ریش دووه‌م گه‌وره‌ترین ئه‌ندامه له جه‌سته‌دا، به‌ڵام ئه‌م ئه‌ندامه دووچاری زۆر گرفت ده‌بێته‌وه، یه‌كێك له‌و گرفتانه كه باوه، كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ورییه تێیدا كه ئه‌مه‌یش پله‌به‌ندی خۆی هه‌یه وه‌ك ''یه‌ك، دوو، سێ و چوار''.
نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م چه‌ورییه چییه؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هیچ نیشانه‌یه‌كی نییه ئه‌م نه‌خۆشییه، واتا نه‌خۆشه‌كه هه‌ست به هیچ جۆره نیشانه‌یه‌ك ناكات كه دووچار به‌م حاڵه‌ته بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌ڕێی سۆناره‌وه هه‌ست پێ ده‌كات، كاتێك كه‌سێك سۆنارێك ده‌كات، ئه‌وكات له پشكنینه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌وری له جگه‌ریدا كۆ بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رنا نیشانه‌كانی ده‌رناكه‌ون.
هۆكاره‌كانی تووشبوون پێی چییه؟ ئایا خواردن كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی؟
دوو جۆر چه‌وری جگه‌رمان هه‌یه، یه‌كه‌میان دروستبوونی چه‌ورییه به‌هۆی خواردنه‌وه كحوولییه‌كان، دووه‌م دروستبوونی چه‌وری جگه‌ر به‌بێ ئالووده‌بوون به ماده كحوولییه‌كان، به‌ڵام له وڵاتان به‌گشتی و له كوردستان به‌تایبه‌تی، قه‌ڵه‌وی به سه‌ره‌كیترین هۆكاری تووشبوون به چه‌وری جگه‌ر داده‌نرێت. هۆكارێكی تریش بۆ تووشبوون به‌و چه‌ورییه، نه‌خۆشی شه‌كره‌یه له جۆری دووه‌م، هۆكارێكی تر زۆری چه‌وریی خوێنه به‌تایبه‌ت چه‌وری سیانیی. به‌ڵێ خواردن كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی ئه‌م چه‌ورییه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، چونكه خواردنی زۆر و چه‌ور قه‌ڵه‌وت ده‌كات، ئه‌م قهڵهوییهیش كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ دروستبوونی چه‌ورییه‌كه.
چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر ته‌ندروستی جه‌سته؟
ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه نه‌كرێ، ئه‌وا ورده ورده زیاد ده‌كات و ده‌بێته هۆی به‌ڕیشاڵبوونی جگه كه وا له جگه‌ره‌كه ده‌كات كاری خۆی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌گه‌ریش جگه‌ر به‌ته‌واوه‌تی كاری خۆی نه‌كرد، ئه‌وا چه‌ند گرفتێك له جه‌سته‌دا دروست ده‌بێت، له‌وانه ''كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له سكدا، هه‌ڵئاوسانی خوێنهێنه‌ره‌كان له‌خوار سوورێنچك و ئه‌گه‌ری خوێنبه‌ربوون، گێژی و كاریگه‌ربوونی جگه‌ر له‌سه‌ر مێشك، مه‌ترسیدارترینیشیان تووشبوونه به شێرپه‌نجه‌ی جگه‌ر و به‌ته‌واوه‌تی په‌ككه‌وتنی جگه‌ره‌كه''.
ئه‌ی ئه‌م چه‌ورییه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش سه‌ره‌كیترین ڕێیه بۆ رزگاربوون له چه‌وریی جگه‌ر، پزیشكانی پسپۆڕ ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر چه‌وری جگه‌رت هه‌بوو و توانیت %3 بۆ %10 كێشت دابه‌زێنی، ڕزگارت ده‌بێت له‌م نه‌خۆشییه، جگه له‌وه‌یش پێویسته خواردنی ته‌ندروست بخورێت و له‌گه‌ڵی وه‌رزش ئه‌نجام بدرێت.