هیندستان.. حاڵەتێكی كەڕووی سەوز دەردەكەوێت

:: PM:06:42:17/06/2021 ‌

لە ماوەی چەند مانگی دواییدا و بەتایبەتی لە هیندستان، باسی دەركەوتنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە كەڕووی رەش و دوای ئەو سپی و دوای ئەویش زەرد و ئێستەیش باس لە دەركەوتنی حاڵەتێكی كەرووی سەوز دەكرێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانە مەترسیدارە كە لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، كەرووی سەوز چییە؟
رەنگە ئەوە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە بێت
ماڵپەڕی كەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی ئێن بی سی"، گوتی، حاڵەتێكی تووشبوون بە كەڕووی سەوز لە شاری ئیندۆر لە ویلایەتی مادیا رادیش دۆزراوەتەوە، ئەو كەسە لە پەتای كۆرۆنا چاك بووەتەوە و گومانی تووشبوونی بە كەڕووی رەشی لێ دەكرا، بۆیە دوای پشكنینی پزیشكی دەركەوت تووشی كەڕووی سەوز بووە. رەنگە ئەوە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە بێت.

د. رافی دۆسی، سەرۆك بەشی نەخۆشییەكانی سنگ لە پەیمانگەی سری ئۆرۆبیندۆر بۆ زانستی پزیشكی لە ئیندۆر دەڵێت، پەتایەكی كەڕوییە و بەدەگمەن روودەدات و بەهۆی جۆرە كەڕوێكەوە دروست دەبێت، بەهۆی هەڵمژینی سپۆڕەكانی كەڕووی گەنیو دەچێتە سییەكان و مرۆڤ تووشی پەتاكە دەبێت.

زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەو رەنگە جیاوازانە هەمان كەڕوون، بەڵام بە رەنگی جیاواز دەردەكەون، ئەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن و چاك دەبنەوە یان سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە یان نەخۆشی سنگیان هەیە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە، كاتێك سپۆڕەكانی ئەو كەڕووە هەڵدەمژن، دەبێت سیستمی بەرگری رووبەڕوویان ببێتەوە، بەڵام لەوانە لەش توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەوانی نابێت. بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوەیە كە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر ناگوازرێتەوە.

لە نیشانەكانی تووشبوون بە كەڕووی سەوز، تا و ئازاری سنگ و كۆكە و هاتنی خوێن لەگەڵ كۆكە و هەناسەتەنگی، بۆیە رێنوێنی ئەوانە دەكرێ كە كێشەی سییەكان یان لاوازیی سیستمی بەرگریان هەیە، خۆیان بپارێزن لە رێگای دووركەوتنەوە لە تۆزوخۆڵ و بەكارهێنانی دەمامكی جۆری (ئێن95)، بۆیە تەنیا لە رێگای پاكوخاوێنی جەستە دەتوانی رووبەڕووی كەڕوەكان ببیتەوە و خۆت لەو ناوچانە بپارێزە كە تۆزاوین و ئاوی پیسیان تیادا كۆبووەتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل