ئەمڕۆ پێنجشەم لە هەرێمی ئیزمیر لە رۆژئاوای توركیا هێرش كرایە سەر نووسینگەیەكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، كە بە گەورەترین پارتی كوردی لە توركیا دادەنرێت، بەو هۆیەشەوە فەرمانبەرێكی ئافرەت لە نووسینگەكە كوژراوە.
هەدەپە حكوومەتی توركیا تۆمەتبار دەكا و داوای خۆپێشاندانی ناڕەزایی دەكات
بەپێی بەیاننامەیەكی هەدەپە، كەسێك بە چەكەوە هێرشی كردووەتە سەر نووسینگەی پارتەكە لە ئیزمیر و بەو هۆیەوە دنیز بویراز، كە سەر بەو حزبەیە لە نووسینگەكە كوژراوە، دوای رووداوەكە پۆلیسی توركیا هەڵیان كوتاوەتە شوێنەكە، كە دەكەوێتە تەلارێكی حەوت نهۆمی، بەپێی شایەتحاڵەكان چەكدارێك چووتە سەر نووسینگەكە و دەستی بە تەقەكردن كردووە و كەسێكی كوشتووە و هەوڵی سووتاندنی بارەگاكەی داوە، دوای هێرشەكە چەكدارەكە گیراوە.
هەدەپە كە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی توركیا، حكوومەتی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی بە كردنەئامانجی حزبەكە و هاندان بۆ ئەو جۆرە هێرشانە تۆمەتبار كرد و داوای سازكردنی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هێرشەكە كرد.
هەدەپە لە 2016ەوە دووچاری هەڵمەتێكی گرتنی سەران و ئەندامانی دەبێتەوە، تا ئێستەیش سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتەكە لە زینداندایە، لەوكاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ئەو حزبە بە رووكەشی سیاسی پەكەكە لەقەڵەم دەدات، هەدەپەیش رەتی دەكاتەوە كە چالاكیی تیرۆریستی ئەنجام دابێت و هۆكاری ئەو هەڵمەتانە بەوە لێك دەداتەوە بەهۆی نەیارییەتی بۆ حكوومەتی ئەردۆغان.
بەپێی زانیارییەكان ئەو هێرشەی سەعات 10:30ی بەیانی رووی داوە، هاوكاتە لەگەڵ داوایەكی یاسایی لە دژی هەدەپە بۆ قەدەغەكردنی بەهۆی وابەستبوونی بە پەكەكەوە، لەكاتی هێرشەكە كە لەلایەن كارمەندێكی پێشووی تەندروستییەوە ئەنجام دراوە، خێوەتێكی پۆلیس لەبەردەم نووسینگەكەدا هەبووە و هێرشبەرەكە لەوانەوە نزیك بووە.
لەلایەكی تر زانیارییەكان ئاماژە دەكەن كە (ئ.ج)، هێرشبەرەكە، بەر لە چەند مانگێك چەند وێنەیەكی بە چەكەوە لە نزیك شاری منبەجی سووریا بڵاو كردووەتەوە، ئەو درووشمی گورگە بۆرەكانی بەرز كردووەتەوە، دوای گیرانیشی گوتوویەتی، پێوەندیم بە كەسەوە نییە و ئەو كارەم كردووە چونكە رقم لە پەكەكەیە.