عێراق.. مانگانە سەدان حالەتی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت

:: PM:07:47:17/06/2021 ‌

ماڵپەڕێكی ئەمەریكی تیشك دەخاتە سەر كارەساتێكی پەرەسەندوو لە عێراق، بەتایبەتی لە باشووری ئەو وڵاتە، بەهۆی پیسبوونی ژینگە بە گاز و بەرهەمەكانی نەوت و پاشماوەی جەنگ دروست بووە، ئەوەیش زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوونە بە شێرپەنجە.

وەك ماڵپەڕی "مۆنیتۆر"، لە راپۆرتێكیدا لە وەلید حامد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە لە باشووری عێراق دەگوازرێتەوە و دەڵێت، ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بۆ تۆماركردنی دوو هەزار حاڵەتی ساڵانە بە شێرپەنجە دەكەن، ئەوەیش بەهۆی سووتانی نەوتە لە بیرەكان، كە گازی ژەهراوی فڕێ دەدەنە ناو ژینگە لە كێڵگەكانی بەسرە.
لە 2018 سێ رۆژ بارانی كبریتی لە بەسرە باری و 4500 كەس ژەهراوی بوون
زیاتر گوتی، كۆمپانیاكانی نەوت پێوەرەكانی پاراستنی ژینگە و تەندروستیان فەرامۆش كردووە، روونی كردەوە، لە 2018 نووسینگەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی بەسرە رای گەیاند كە مانگانە 800 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە بەسرە تۆمار كراوە، بۆیە ئەو شارە لەپێشەوەی شارەكانی عێراق دێ و لە 2020 مانگانە 600 بۆ 700 حاڵەتی مانگاتە تۆمار دەكرێت.

لەوكاتەی عاسم جیهاد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، راست نییە زیادبوونی شێرپەنجە و پیسبوونی نەوت بەیەكەوە ببەسترێتەوە و هۆكاری تر هەیە، وەك ئەو جەنگانەی كراون و ئەو بۆردمانانەی لە رابردوو هەبووە و هۆكارەكەی ئەو كەمتەرخەمییەیە لە چارەسەركردنی ئەو پاشماوانە هەبووە، د. حەیدەر سەلمان، بەڕٍێوەبەری تەندروستی بەسرە دەڵێت، پێوەندی لەنێوان زیادبوونی شێرپەنجە و چاكییە نەوتییەكاندا هەیە، كاتێك گازە نەسووتاوەكان كێشەی گەورەی ژینگەیی دەنێنەوە. لە 2018 و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بەسرە بارانێكی كبریتی باری و بووە هۆی ژەهراویبوونی 4500 كەس و نەخۆشخانەكان پڕ بوونەوە، بەڵام راگەیاندنەكان باسیان نەكرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل