كاتێك باس له پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و ماف و ئازادییه‌كان به گشتی و مافی ژنان به تایبه‌تی ده‌كرێ، له‌وانه‌یه سه‌ره‌تا بیرتان بۆ ئه‌وه بچێ، كه ژنان له وڵاتانی ڕۆژئاوا پێش هه‌موو شوێنێكی تر مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر كراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه، چیرۆكه‌ی فه‌وجی ژنه جادووكه‌ره‌كانی شه‌و له هێزی ئاسمانی سۆڤیه‌ت نموونه‌یه‌كی زیندووه.
كاتێك به مێژوودا بگه‌ڕێینه‌وه و به‌راوردكاری بكه‌ین، به ته‌واوی ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، كه ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی گۆی زه‌وی زووتر مافیان پێدراوه، بۆ نموونه یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ژن له جیهان له سریلانكا بووه و دووه‌میش له هیند، پێنجه‌م ژنه سه‌رۆك وه‌زیران له ئه‌وروپا بووه.
پرسی به‌شداری ژن له سوپا و هێزی ئاسمانیش زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان كه یه‌كه‌م ژن فڕۆكه‌ی جه‌نگی فڕاند بێ، له ئه‌مه‌ریكا و له ساڵی 1993 بووه، به‌ڵام ئه‌مه به ته‌واوی دووره له ڕاستییه‌وه، چونكه 50 ساڵ پێش ئه‌وه و له جه‌نگی دووه‌می جیهانی، سوپای سوڤیه‌ت، سێ فه‌وجی فڕۆكه‌وانی ژنی له هێزی ئاسمانی هه‌بووه و زیاتر له 30 فڕۆكه‌وانی ژنیش وه‌ك پاڵه‌وانی وڵات ناویان چووه‌ته مێژووی سۆڤیه‌ته‌وه.
په‌نجا ساڵ پێش ئه‌مه‌ریكا سۆڤیه‌ت فڕۆكه‌وانی ژنی برده نێو هێزی ئاسمانییه‌وه
ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می نازی به ده‌ست نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی وزه ده‌یناڵاند و ته‌ماحی زۆری هیتله‌ریش وایكرد كه به‌ره‌و مۆسكۆ له‌شكر بجوولێنێت، به‌ڵام ئه‌مه تووشی شكستێكی گه‌وره‌ی كرد، كه‌چی هه‌ر ددانی به شكست نه‌ده‌نا، بۆیه سۆڤیه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له دۆخێكی خراپ بوو، به‌ڵام شه‌ڕی مان و نه‌مانی ده‌ستپێكرد.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی زیاتر له 800 هه‌زار ژن له ڕیزی سوپای سۆڤیه‌ت له دژی ئه‌ڵمانیای نازی ده‌جه‌نگان، له‌و نێوه‌نده‌یشدا به‌شێكی تایبه‌ت بۆ ژنه فڕۆكه‌وانه‌كانی هێزی ئاسمانی هه‌بوو، ناسناوی ئه‌و ژنه فڕۆكه‌وانانه‌یش بریتی بوو له ژنه جادووكه‌ره‌كانی شه‌و.
سێ فه‌وجی تایبه‌تی فڕۆكه‌وانی ژن له هێزی ئاسمانی
سۆڤیه‌ت بوونی هه‌بوو و تا كۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جیهان، زیاتر له 30 هه‌زار گه‌شتی ئاسمانیان ئه‌نجام دا بوو، 30 له‌و ژنانه‌یش وه‌ك پاڵه‌وان ئه‌ركی زۆر سه‌ختیان به‌جێ گه‌یاندبوو.
یه‌كێك له به‌ناوبانگترین ژنه فڕۆكه‌وانه‌كانی هێزی ئاسمانی سۆڤیه‌ت بریتییه له مارینا راسكۆڤا كه پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ستالینه‌وه هه‌بوو و داوای لێ‌كرد كه ڕێی بدات، یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت به ژنانی فڕۆكه‌وان له هێزی ئاسمانی سۆڤیه‌ت دابمه‌زرێنێ و ستالین ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی، بۆ هاوینی 1941 زیاتر له 400 ژنی ڕووسیا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێكرا و به‌سه‌ر سێ فه‌وج دابه‌شكران.
ژنه جادووكه‌ره‌كانی شه‌و له 400 فڕۆكه‌وان 30یان بوون به پاڵه‌وانی نیشتمانی ڕووسیا به‌هۆی خزمه‌تی گه‌وره‌یان بۆ وڵاته‌كه‌یان
بۆ یه‌كه‌مجار له 16ی نیسان/ئه‌پریلی 1942 فه‌وجی یه‌كه‌می ژنه فڕۆكه‌وانه‌كان به‌شداریان له جه‌نگی ئاسمانی كرد، كه ئه‌مه‌یش ته‌نیا شه‌ش مانگ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كه‌ی ژنان و مه‌شقپێكردنیان تێپه‌ڕیبوو.
فه‌وجی یه‌كه‌م سه‌رجه‌میان ژماره 586 له‌سه‌ر فڕۆكه‌كانیان نووسرا بوو و له یه‌كه‌م به‌شداریان له جه‌نگ توانیان چوار هه‌زار و 400 گه‌شتی ئاسمانی ئه‌نجام بده‌ن و 38 فڕۆكه‌ی ئه‌ڵمانیان خسته خواره‌وه. دوای ته‌واوبوون و سه‌ركه‌وتنیان له‌و ئه‌ركه، دوو له ژنه فڕۆكه‌وانه‌كان چوونه ڕیزی هێزه بژاره و نموونه‌ییه‌كانی سۆڤیه‌ت كه به "ئۆدێسا" ناسراو بوو.
فه‌وجی دووه‌می فڕۆكه‌ی ڕشاندنی ده‌رمانیان به‌سه‌ر كێڵگه‌ی كشتوكاڵی به‌كارهێنا بۆ هێرشكردنه سه‌ر دوژمن، كه بریتی بوون له فڕۆكه‌ی جۆری پۆلیكاربۆڤ پۆ 2، توانای فڕینیان له مه‌ودای زۆر به‌رز نه‌بوو، بۆیه به شه‌و ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام ده‌دا و له نزمی ده‌فڕین و هێرشیان ده‌كرده سه‌ر هێزی نازییه‌كان، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكرد كه ناسناوی جادووكه‌ره‌كانی شه‌ویان لێ بنرێت.