دوو باند بە دۆلاری ساختەوە گیران

:: PM:01:39:20/10/2016 ‌

لە شارۆكەی سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو باند بەتۆمەتی ساخكردنەوەی دۆلاری ساختە گیران.

نەقیب هاوار ئەرگووشی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی تشرینی یەكەمی 2016 بە "وشە"ی راگەیاند، دوو باندی 13 كەسی كە هەوڵی ساخكردنەوەی دۆلاری ساختەیان داوە گیراون.

روونی كردەوە، لیژنەیەكی تەناهی كە لە هێزەكانی پۆلیس، ئاسایش، هەواڵگری، فەرماندەیی بارزان و ئاژانسی پاراستن پێك هاتووە، بەهاوكاری لەگەڵ ئاسایشی دهۆك، ئاكرێ‌ و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سۆران هەردوو باندەكەیان گرتووە.

بەگوتەی ئەرگووشی، پێكهێنانی ئەو لیژنەیە پاش ئەوە دێت كە ماوەیەكە زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی دۆلاری ساختە لە شارۆكەی مێرگەسوور لە پارێزگای هەولێر بڵاو بووەتەوە.

گوتەبێژەكەی پۆلیسی سۆران ئاشكرای كرد، لەگەڵ گرتنی ئەو دوو باندەدا، 22 دەفتەر دۆلاری ساختەیان پێ‌ گیراوە.

تۆمەتبارانی هەردوو باندە گیراوەكە لە خەڵكانی توركیا، ئێران، بەغدا و كوردستان پێك هاتوون و ئێستە بەپێی بڕیاری دادوەر و پاڵپشت بە مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی، راگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

سۆران-مورشید برادۆستی


وشە - ڕێبین فه‌تاح