تابلۆی ئۆتۆمبێلی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

:: AM:11:45:18/06/2021 ‌
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە بارەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێککەوتنمان کردووە، دەڵێت، تا ئێسته‌ هیچ کۆمپانیایەک نەهاتووەتە پێش بۆ ئەوەی کارەکە وەربگرێت.

ئەمڕۆ هەینی 18ی حوزەیران، لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە بارەی گۆڕینی تابلۆی هەرێمی کوردستان، لە ئێسته‌ تەنیا ڕێککەوتنمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە و کارەکانیش بەردەوامن لەسەر شێواز و چۆنیەتی پڕۆژەکە.

ڕوونى كرده‌وه‌، لەسەر چۆنیەتی کۆی تابلۆی سەر ئۆتۆمبێلەکان و نوسراوەکانی سەری بەردەوامین لە گفتوگۆ، هەر کات تەواوبووین و گەشتینە کۆتایی، وردەکارییەکە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، بەڵام لەسەر تابلۆی هەر پارێزگایەک پیت دادەنرێت بۆ ناسینەوە.

بەڕێوەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان گوتی، "پڕۆژەکە بەو جۆرەیە تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و وەک یەکی لێ دێت، بۆ ئەو پڕۆژەیە تا ئێسته‌ هیچ کۆمپانیایەک نەهاتووەتە پێش بۆ ئەو کارە دیاریش نییە دەدرێت بە کەرتی تایبەت یان نا."

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی هەرێمی کوردستان دەیانەوێ بەهەمان شێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت و هەرێمی کوردستان هەمان تایبەتمەندی خۆی دەبێت لەسەر تابلۆکان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران