ئاراس حەسۆ: نازانین یەکێتی لە حکوومەت بۆ بەشدارە و چۆن بەشدارەو چییان دەوێت

:: PM:12:04:18/06/2021 ‌
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە چەند ساڵی ڕابردوو کێشەی گەورەمان ئەوەبووە کە یەکێتی بەشدارە لە حکوومەت نازانین بۆ بەشدارە و چۆن بەشدارە و چییان  دەوێت، لە سەرکەوتن بەشدارن بەڵام بەرپرسیارییەتی هەڵناگرن و بەرگەری بەرپرسیاریەتیش ناگرن.

ئەمڕۆ هەینی 18ی حوزەیران، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "لە چەند ساڵی ڕابردوو کێشەی گەورەمان ئەوە بووە کە یەکێتی چی لە حکوومەت دەوێت، چۆن بەشدارە، لە سەرەکەوتنەکان بەشدارە بەڵام وەکو تر بەرپرسیارییەتی هەڵناگرێت و بەرگەی بەرپرسیاریەتیش ناگرێ".

ڕوونى كرده‌وه‌، "هەمووجار لە کۆبوونەوەکانمان باسی ئەوەمان کردووە، کێشەی ئێمە لەگەڵ یەکێتی ئەوەیە یەکێتی ناتوانێ خۆی یەکلابکاتەوە تا بزانین چی دەوێت، هەمیشە ویستومانە  ئێمە هاوکارییان بکەین بۆ ئەوەی یەکێتی خۆی ڕابگرێت و هەڵوێستی هەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەکێتییەک گفتوگۆ و دانوستان دەکەین و لە حکوومەت بەشدارین کە لە قسەی خۆی هەڵدێت."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "کێشەی یەکێتی ئەوەیە لە حکوومەت بەشدارە، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتییان هەیە، سەردانی سەرۆکی حکوومەت دەکەن و خۆیان به‌ باش دەزانن و ڕای جێگرەکەیان وەردەگرن لەسەر پرسەکان، بەڵام لە ڕاگەیاندن خۆیان بێبەری دەکەن و خۆیان دەکەن بە دژبەری حکوومەت دەزانن، ئەمەیش وای کردووە یەکێتی نەتوانێ بڕیار بدات، لە ناو یەکێتى ئەم کێشەیە هەیە."

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان هەیە و یەکێتی بە چەند پۆستێکی باڵا و چەند وەزیرێک لە حکوومەت بەشدارە بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات و دژی حکوومەتە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران