ڕۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بڵاو كردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان فشاری زۆریان دروست كردووه و سه‌رۆك بارزانیش له زووه‌وه ڕه‌زامه‌ندی داوه، به‌ڵام یه‌كێتی تا ئێسته نه‌هاتووه‌ته ژێر باری ئه‌و پرۆسه‌یه و دوای ده‌خات.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی و حكوومی له هه‌رێمی كوردستان به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"یان ڕاگه‌یاندووه، كه هه‌وڵی یاسی زۆر فره‌وان له ڕۆژانی ڕابردوو به پشتیوانی و فشاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێكردووه، تا به په‌له و به خێرایی بڕیاری نه‌هێشتنی یه‌كه‌ی 70 و 80 بدرێ و سه‌رجه‌م هێزه‌كان بخرێنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
به گوێره‌ی ئاماره نافه‌رمییه‌كان ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به 240 هه‌زار ده‌خه‌ملێنرێت، به‌شی زۆریان له چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه مه‌شقیان پێكراوه و چه‌ك و كۆمه‌كیان پێدراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ژماره‌یه‌كی تری پێشمه‌رگه هه‌ن كه له ڕووی مووچه و بودجه‌وه سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و وه‌كو تر فه‌رمان له حزبه‌كان وه‌رده‌گرن، كه ئه‌مه‌یش له زووه‌وه هه‌وڵی نه‌هێشتن و یه‌كخستنه‌وه‌ی ده‌درێت.
سه‌رۆك بارزانی له زووه‌وه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌وه داوه و پشتیوانی ده‌كات
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان كه ده‌ست ڕۆژنامه‌كه كه‌وتووه، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی هه‌ریه‌ك له یه‌كه‌ی 70 و 80ی پێشمه‌رگه كه‌متر نییه له 20 هه‌زار پێشمه‌رگه، واته به گشتی ژماره‌یان به 40 هه‌زار پێشمه‌رگه ده‌خه‌ملێنرێت.
به‌رپرسێكی حكوومی له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی داوه، كه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو جموجۆڵی چڕ و فره‌وان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كان له ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ستی پێكردووه، له‌هه‌مان كاتیش فشاره‌كانی واشنتن و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی هه‌بووه، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كه و نه‌هێشتنی هێزی حزبی و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و دوو یهكهكهیه له چوارچێوه‌ی لیواكانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
زیاتر گوتی، پلانه‌كه به‌وجۆره‌یه كه هه‌ردوو یه‌كه‌كه هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه و له نێو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دابه‌ش بكرێن و ڕێك بخرێنه‌وه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك مانه‌وه‌یان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبی نه‌هێڵرێته‌وه و ئه‌و پێوه‌ندییه‌یان بپچڕێنرێت.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له سه‌ره‌تاوه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه داوه و هه‌موو پشتیوانی خۆیشی بۆ ده‌ربڕیوه، به‌ڵام تا ئێسته یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵوێست و بڕیارێكی ڕوونی له‌وباره‌وه نییه.
به‌رپرسه حكوومییهكهیش دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه و یه‌كخستنی سه‌رجه‌م هێزه‌كان، دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت و شه‌رعیه‌تی حكوومه‌ت و سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌كات و به ته‌واوی هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌بێت، به ئاراسته‌ی پێشڤه‌چوون و نه‌هێشتنی شوێنه‌واری دوو ئیداره‌یی له هه‌رێمی كوردستان.
یه‌كێتی نایانه‌وێ پرۆسه‌كه سه‌ربگرێ و ده‌یانه‌وێ خاوه‌نی هێزی حزبی بن
به‌رپرسێكی تر له سلێمانییه‌وه نه‌یشاردووه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا به وردی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه ده‌كات و ئامانجیه‌تی به خێرایی ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌نجام بدرێ، له‌لایه‌كی تره‌وه به‌غدایش له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه‌یه‌دایه و ده‌یه‌وێ به كرده‌یی ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بزانێت، تا له بودجه و مووچه به گوێره‌ی ژماره‌ی هێزه‌كان پاره ره‌وانه بكات.
زیاتر گوتی، پرۆسه‌كه ڕووكه‌شی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رجه‌می هێزه‌كان هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێنه‌وه و به‌سه‌ر یه‌كه و لیوا هاوبه‌شه‌كان دابه‌ش نه‌كرێنه‌وه، چونكه مانه‌وه‌یه‌ك له نێو یه‌ك لیوا و یه‌كه‌دا و به‌ستنه‌وه‌یان به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به مانای مانه‌وه‌ی هێزه‌كان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزب دێت و له هه‌ركاتێك ده‌توانرێ له ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ربهێنرێنه‌وه.