یەکشەمی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەبێ
ئەنجامی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی لە زانکۆکان ڕاگەیەنرا

:: PM:02:07:20/10/2016 ‌

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت یەکشەمی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەبێت و هاوکات ئەنجامەکانی وەرگرتنی راستەوخۆیی لە زانکۆکاندا راگەیەنرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوە چوو، ئەنجامەکانی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) ڕاگەیەنرا.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا کە بۆ د.کەریم ساڵح عەبدول سەرۆکی لێژنەی باڵای وەرگرتن، د. محەمەد سابر بەڕیوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و د.خەتاب شێخانی بەڕیوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ڕیکخرابوو، وردەکاری پڕۆسەی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕوونکرایەوە.

د.کەریم ساڵح عەبدول ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستی بەئەزموونێکی نوێ کرد ئەویش بریتی بوو لە وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی بۆ هەندێک لە بەشەکانی زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئەوەش بڕیاری پێویست دەرچوو، لەسەر ئەو بنەمایەش دەرچووانی پۆلی (١٢)ی ئامادەی داواکارییان پیشکەش بەو بەشانە کرد، ئینجا تاقیکردنەوەیان ئەنجام دا کە (٤٠) نمرەی لەسەر بوو، ئێستە لیستی وەرگیراوان لەلایەن زانکۆکانەوە ئامادەکراوەو ئامادەیە بۆ ڕاگەیاندن.

سەرۆکی لێژنەی باڵای وەرگرتن روونی کردەوە، لە کۆی (٥٢٠) بەش ئەو پڕۆسەیە لە (١٠٨) بەش جێبەجێکرا کە بەهۆیەوە پێنج هەزار و ٦٨٩ خوێندکار داواکارییان پێشکەش کردو لە ئەنجامدا سێ هەزار و ٤٢٥ خوێندکار وەرگیران، "بۆیە ئەوانەی بەو سیستم و ڕینماییە وەرگیراون مافی پێشکەشکردنیان لە ڕێگەی (زانکۆلای) نامێنێت و ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوانەی ناویان دەرنەچووە مافیان نافەوتێت و دەتوانن لە ڕێگەی (زانکۆلاین) داخوازییەکانیان پێشکەش بکەن"، د.کەریم ساڵح وای گوت. 


هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا د.محەمەد سابر وردەکاری زیاتر پرۆسەکەی ڕوونکردەوەو گوتی: "هەوڵمانداوە وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی بەپڕۆسەیەکی شەفاف بڕوات، بۆیە لە ئێستەوە دەتوانن لە ڕێگەی وێب سایتی زانکۆلاین(https://regayzanko.com/) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە".


هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئەوە ئاشکرا کرا، کە لە ڕۆژی یەکشەمی داهاتوو ڕێکەوتی (٢٣/١٠/٢٠١٦) زانکۆلاین بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێ بۆ ئەوەی خوێندکاران داوا پێشکەشبکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧).

بۆ ئەوانەی کە تا ئێستە یوزەر نەیم و پاسۆردیان وەرنەگرتصوە دەتوانن لە ئێستپوە لە ڕێگەی وێب سایتی زانکۆلاین(https://regayzanko.com/) لە ئۆپشنی (چوونە ژوورەوە بۆ وەرگرتنی وشەی تێپەڕ) دوای وەڵامدانەوەی حەوت پرسیار، پاسۆرد و یوزەرنەیمی تایبەت بەخۆیان دەگاتە دەستیان.
                                                              
http://www.mhe-krg.org/ku/node/3094            


وشە/راگەیاندنی خوێندنی باڵا


وشە - ڕێبین فه‌تاح