ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له هه‌ولێر، چه‌ند هاوڕێیه‌كی وه‌رزشوان، به رێوڕه‌سم و رێكخستنی یارییه‌كی دۆستانه، یادی یه‌ك ساڵه‌ی كۆچی دوایی ئه‌ستێره‌ی ناوداری تۆپی پێی عێراق "ئه‌حمه‌د رازی"ـیان كرده‌وه.
له بۆنه‌كه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی من سه‌یری پۆسته‌ر و لافیته‌كانم كرد، ناوی هیچ ده‌زگه‌یه‌كی به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، كه خاوه‌نی بۆنه‌كه‌یه، به‌ڵام له ژێر چاودێریی پارێزگاری هه‌ولێر بوو، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزش، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی هه‌ولێر، ئه‌مینداری گشتیی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان، سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان و كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی تری وه‌رزشی و سه‌رۆك یانه و خۆم و ژماره‌یه‌ك میدیاكاریش تێیدا ئاماده‌بووین.
با ئه‌وه‌ش له بیر نه‌كه‌م، دوو كۆمپانیا سپۆنسه‌ری بۆنه‌كه بوون و خه‌ڵات و پێداویستییه‌كانیان دابین كردبوو، هه‌روه‌ها بڕیار بوو هه‌ندێك یاریزانی ناوداری عه‌ره‌بی عێراقیش له بۆنه‌كه‌دا به‌شداربن، كه دۆست و قوتابیی خوالێخۆشبوو بوون، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون!
هه‌تا ئێره تا راده‌یه‌ك ئاساییه، ئه‌حمه‌د رازی یه‌كێكه له ئایكۆنه‌كانی مێژووی تۆپی پێی عێراق و ره‌نگه خۆشه‌ویستترین وه‌رزشوانی عێراقی بێت و له كوردستانیش خه‌ڵك خۆشیان ده‌وێت و یادگاریی زۆریان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ مردنه‌كه‌شی خه‌مبار بوون.
به‌ڵام لێره و له‌وێ هه‌ندێك وه‌رزشوان و كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی نێو وه‌رزش و میدیا، بابه‌تێكیان وروژاند، كه بۆچی یادی كۆچی دوایی وه‌رزشوانه كورده‌كانی خۆمان ناكرێته‌وه و كه‌س باسیان ناكات و "تا كه‌ی بێگانه‌په‌رستی" ده‌كه‌ین.
دیار بوو رووی ده‌می ئه‌م به‌ڕێزانه، زیاتر له میدیاكاران و ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن بوو، بۆیه ده‌مه‌وێت لێره‌وه بڵێم "ئه‌وه میدیاكاران نه‌بوون یادی ئه‌حمه‌د رازییان كرده‌وه و بۆنه‌یان بۆ رێكخست، چونكه ئه‌وه كاری ئه‌وان نییه".
راستییه‌كه‌ی پرس و بابه‌ته‌كه زۆر گرنگه و جێی خۆیه‌تی، به‌ڵام ده‌بێ رووی ده‌می ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی گله‌ییان كردووه، له به‌رپرسان و ده‌زگه و یانه وه‌رزشییه‌كان بێت، كه بۆچی یادی وه‌رزشوانه كۆچكردووه‌كانیان ناكه‌نه‌وه، بۆچی ئه‌رشیڤ و یاده‌وه‌رییه‌كانیان كۆ ناكه‌نه‌وه، بۆچی ده‌ستكه‌وت و تۆماره‌كانیان باس ناكه‌ن، بۆچی له مۆزه‌خانه‌یه‌ك، له كتێبێكدا، وێنه و یاده‌وه‌رییه‌كانیان زیندوو ناكه‌نه‌وه.
ئه‌وه كاری ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و لیژنه‌ی ئۆڵمپی و یانه وه‌رزشییه‌كانه، خۆشه‌ویستانی شار و وه‌رزشوانه گه‌وره و خاوه‌ن ده‌ستكه‌وته‌كانیان یاد بكه‌نه‌وه.
با ئه‌و پێشنیازه‌شیان بۆ بكه‌م "ئێوه رێز له زیندووه‌كان بگرن و به ته‌نگیانه‌وه بچن"، خۆ ئێسته به‌شێكی وه‌رزشوانه دێرینه‌كانی كوردستان، ئه‌وانه‌ی بناغه‌ی وه‌رزشی ئه‌م هه‌رێمه‌یان به ئه‌رك و له‌سه‌ر گیرفانی خۆیان بنیات نا، به ته‌مه‌ندا چوونه و به‌شێكیان نه‌ساغن، ئێسته ئه‌ركی ئێوه‌ی به‌رپرسانی حكومی و وه‌رزشییه سه‌ردانیان بكه‌ن، ده‌ستیان بگرن، ژیانیان باشتر بكه‌ن، چاره‌سه‌ری ده‌رده‌كانیان بكه‌ن، گوێیان لێ بگرن "كه مردم شین و گریانت به من چی!".
جگه له‌وه، وه‌رزشوانی دێرین هه‌یه، دێته یاریگه‌كان كه‌س پێشوازی ناكات، با راستتر بڵێم وه‌رزشوانی دێرین هه‌بووه له یاریگه نه‌یانهێشتووه بچێته ژووره‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و یانانه‌شی كه خۆیان یارییان تێدا كردووه و خزمه‌تیان كردووه.
زۆر باش ده‌بێت، هه‌ر كه‌سێك له ناوه‌ندی وه‌رزشی كوردستاندایه، ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی خۆی و مافه‌كانیشی بزانێت، له‌وه تێبگات كه ده‌بێت داواكارییه‌كانی ئاراسته‌ی كێ بكات و مافه‌كانی له كێ وه‌ربگرێت.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌ش، كاتی خۆی حكوومه‌ت پرۆژه‌یه‌كی بۆ وه‌رزشوانه دێرینه‌كان هه‌بوو، كه مووچه‌یه‌كی مانگانه و خانه‌نشینانه بوو، بۆ كه‌سانێك بوو، كه شایسته‌بن و پێویستیان پێی بێت، به‌ڵام كاره‌كه تێكدرا، چونكه راشكاوانه ده‌ڵێم حزب و خه‌ڵكی به‌رپرس و چاوچنۆك ده‌ستیان خسته ناوی، به‌رپرسی وا هه‌بوو ناوی له لیستی وه‌رزشوانه دێرینه‌كان بوو، مووچه‌كه‌شی وه‌رده‌گرت، كه دوو مێك زه‌مین پاسه‌وانی به‌داوه بوو، له ده‌زگه حزبییه‌كانه‌وه خه‌ڵكی بێ كار و كه‌مده‌رامه‌ت و ئه‌ندامی حزب، ناویان له لیستی وه‌رزشوانه دێرینه‌كاندا تۆمار ده‌كرا، ئه‌وه‌ی دوو سێ جار له یاریگه‌یه‌ك هانی تیپێكی میللیی دابووایه، ناوی له لیسته‌كه‌دا بوو، تا وای لێهات ژماره‌ی وه‌رزشوانه دێرینه‌كان له وه‌رزشوانه زیندووه‌كان زیاتر بوو، كه ئه‌مه گاڵته‌جاڕی بوو، گاڵته‌كردن بوو به پاڵه‌وان و دێرینه‌كانی وه‌رزش له‌م هه‌رێمه‌دا، ئیتر پرۆژه‌كه‌ش ئێوه خۆش.
ئیتر دواجار ده‌ڵێم، پێویسته ئاوڕێك له ژیانی وه‌رزشوانه دێرینه‌كان بدرێته‌وه، ئه‌وانه‌ی به هه‌ق وه‌رزشوان و پاڵه‌وان بوون، ناویان له‌سه‌ر زاری نه‌وه‌یه‌ك ماوه، با یادی كۆچكردووه‌كانیش بكرێته‌وه و له پرۆژه‌یه‌كدا كه‌له‌پووری وه‌رزشی ئه‌م هه‌رێمه كۆبكرێته‌وه، ئاوڕێكیش له ماڵ و منداڵه‌كانیان بدرێته‌وه، ئه‌گه‌ر به شتێكی كه‌میش بێت، ره‌نگه هه‌ندێكیان هه‌ر پێویستیشیان نه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێته شانازی و نه‌وه‌ی نوێی ناو وه‌رزشیش هان ده‌دات، وه‌رزش بكه‌ن و ناوی كوردستانه‌كه‌یان به‌رز بكه‌نه‌وه.