رۆبۆتێك یەك خولەك پێش گەیشتن بە مەریخ پێوەندییەكەی پچڕا

:: PM:02:14:20/10/2016 ‌

چارەنووسی رۆبۆتێك كە لە لایەن كەشتییەكی بێ سەرنشینی ئاسمانی لە خولگەی مەریخ، لە لایەن ئەوروپاوە رەوانەی مەریخ كرا و دەبوو دوێنێ چوارشەم لەسەر مەریخ بنیشێت، بەڵام چارەنووسەكەی نادیارە و مەترسی ئەوە لە ئارادایە هەنگاوەكەی ئەوروپا هیچ دەرەنجامێكی نەبووبێت.

ئەو رۆبۆتەی كە بۆ مەریخ نێردرا، رێك یەك خولەك پێش ئەوەی بگاتە سەر مەریخ، پێوەندییەكەی لەگەڵ زەوی پچڕا. ئەو ئامێرە سەتەلایتانەی كە بە دەوری مەریخدا دەسووڕێنەوە، هەوڵیان داوە شوێنی ئەو رۆبۆتە بدۆزنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.



هاوكات سەتەلایتێكی ئەمەریكیش هەوڵی دا پێوەندی بە رۆبۆتەكەوە بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ترسی ئەوە هەیە رۆبۆتەكە دوای گەیشتنی بە مەریخ لەناو چووبێت، بەڵام ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا بەو خێرایییە ئەنجامی چالاكییەكەی بڵاو ناكاتەوە.

ئێستە ئەندازیاران خەریكی لێكۆڵێنەوە و بەدواداچوونن بۆ ئەوەی بزانن چارەنووسی ئەو رۆبۆتە بە كوێ گەیشتووە.

ئەو كەشتییەی كە رۆبۆتەكەی لەگەڵ خۆی بردووەتە ئاسمان و ئێستە بە دەوری مەریخدا دەسووڕێتەوە، تاكە ئامرازی بەردەستی ئەندازیارانە تا لەوێوە بتوانن چارەنووسی ئو رۆبۆتە بدۆزنەوە و لەوانەیە دوای ئەوەی زانیارییەكان كۆ دەكرێنەوە سەرەداوێك بۆ ئەو مەبەستە بدۆزنەوە.

ناوی رۆبۆتەكە ئێسكیاپارلییە كە بۆ هەڵسەنگاندنی توانایی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا لە نیشتنەسەر هەسارەی مەریخ بووە.



ئەو ئاژانسە پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٣ رۆبۆتێكی ناردە هەسارەی مەریخ  كە بە سەلامەتی گەیشتە سەر هەسارەكە، بەڵام باڵەكانی نەبووەوە و پێوەندی لەگەڵ زەوی پچڕا.

هەوڵەكان بۆ گەیاندنی رۆبۆت بۆ سەر مەریخ  و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو هەسارەیە بۆ ئەو مەبەستەیە مرۆڤ لە داهاتوودا بتوانێت لەسەری بنیشێت.

ماوەی رابردووش باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، حكوومەتی ئەمەریكا بەمەبەستی رەوانەكردنی مرۆڤ بۆ هەسارەی مەریخ لە دەیەی ٢٠٣٠ هاوكاری كەرتی تایبەت دەكات.

ئەو لە وتارێكدا كە "سی ئێن ئێن" بڵاوی كردووەتەوە نووسیویەتی، "ئێمە بۆ قۆناغی داهاتووی چالاكییەكانی ئەمەریكا لە بۆشایی ئاسمان، هاوكاری كەرتی تایبەت دەكەین و دەمانەوێت لە ٢٠٣٠ مرۆڤ بتوانێت هاتوچۆی مەریخ بكات و بۆ ماوەیەكی درێژیش لەسەر ئەو هەسارەیە بمێنێتەوە." ٣

ناردنی رۆبۆتی ئەم جارە لە لایەن ئاژانسی ئەوروپی بۆشایی ئاسمان بووە، بەڵام پلانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریكا ناسا لە هی ئەوروپا جیاوازە.



ئەو ئاژانسە بۆ لێكۆڵینەوە و پشكنین لە هەسارەكانی تر تا ڕادەیەك لەگەڵ رەخنەی كۆنگرێس بەرەوڕوو بووە. دامەزراوەی ئەمەریكی ناسا كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە و پشكنین لە بۆشایی ئاسمان، پێشتریش لەگەڵ كەرتی تایبەت هاوكاری هەبووە. بۆ نموونە كۆمپانیای "ئێسپیس ئێكس" ئەركەكەی بریتی بووە لە گەیاندنی بار و پێداویستی بە وێستگەكانی ئاسمان و كۆمەڵێك پلانیشی خستووەتە ڕوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بگەیەنێتە هەسارەی مەریخ.

ئیلان ماسك كە دامەزرێنەری "ئێسپیس ئێكس"ە، مانگی رابردوو پێشنیازی ئەوەی كرد كە لە سەر هەسارەی مەریخ وێستگەیەكی هەمیشەیی دابمەزرێنێت.

هەندێك لە پسپۆڕانی بۆشایی ئاسمان پلانەكەیان بە پلانێكی ناواقیعی هەژمار كرد و هەندێكی تر دەستخۆشیان لە كۆمپانیاكە كرد كە دەیەوێت دەستپێشخەری بكات و بۆ یەكەم جار خۆی بگەیەنێتە هەسارەی مەریخ.



پڕۆژەكەی ناساش كە ناوی "گەشت بۆ مەریخ"ی لێ نراوە، شەش ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای باراك ئۆباما خراوەتە ڕوو و بەهۆی ئەوەی كە لە پڕۆژەكەدا وردەكاری زیاتر روون نەكراوەتەوە كۆنگرێس رەخنەیەكی زۆری لێ گرتووە.

بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرێس ئەمساڵ ئاشكرایان كرد كە ناسا نەخشە و پلانێكی روونی بۆ گەیشتن بە مەریخ نییە و پلانەكە پێویستی بە هەنگاوی زانستی زیاتر هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانە، باراك ئۆباما سوور بووە لەسەر پلانەكەی و گوتوویەتی گەیشتن بە مەریخ پێویستی بە هاوكاری كەرتی تایبەت هەیە.

یەكەم شوێن كە زانایان پێشنیازیان كرد مرۆڤ بتوانێت لێی نیشتەجێ بێت مانگ بوو، بەڵام مەریخ لە رووی پێكهاتەی كەشەكەیەوە گونجاوترە بۆ نیشتەجێبوون.

ماوەی رۆژی مەریخ لە رۆژی زەوی نزیكە و رۆژێكی مەریخ لەسەر بنەمای رۆژی زەوی بریتییە لە ٢٤ سەعات و ٣٩ خولەك و ٣٥ چركە.

رووبەری ناوچە وشكایییەكانی زەوی كەمێك لە مەریخ فراوانترە. تیرەی مەریخ نیوەی تیرەی زەوییە و قورسایییەكەشی یەك لەسەر دەی قورسایی زەوییە.

بە پێچەوانەی مانگ، مەریخ كەشی هەیە و هاوشێوەی زەوی كۆمەڵێك مادە لە مەریخ هەن كە مرۆڤ دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.



مەریخ ٢٣٠ ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوی دوورە و گەشتی مرۆڤ بەرەو مەریخ هەشت مانگ دەخایەنێت. ئەوانەی گەشتی مەریخ دەكەن دەبێت رۆژانە لە رێگەدا سێ سەعات وەرزش بكەن و بە خاولی تەڕیش خۆیان بشۆن.

توانای كێشی مەریخ ٠.٣٨%ی توانای كێشی زەوییە و مەریخ چوارەم هەسارەیە كە لە خۆر نزیكە و خۆریش ئەستێرەیەكە كە زەوی و مەریخ و هەسارەكانی تری بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. خۆر ٣٣٠ هەزار هێندەی زەوییە و ئەوەی سەیرە ئەستێرە خۆی یەكێكە لە ١٠٠ ملیار ئەستێرەی كۆمەڵەی خۆر و ٢٥ هەزار ساڵی تیشك لە ناوەندی كۆمەڵەكەوە دوورە. هەر ساڵێكی تیشك بریتییە لەو مەودایەی تیشك لە ماوەی ساڵێكدا دەیبڕێت. خێرایی تیشك بریتییە لە ٣٠٠ هەزار كیلۆمەتر لە چركەیەكدا.

سەرچاوە/بی بی سی-ویكیپیدیا


وشە - سلێمان تاشان