درەنگانێكی شەوی چوارشەم 19ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، ژنێكی دانیشتووی فڕەنسا كە لە چلەكانی تەمەنیدا بوو، بە هۆی تەقاندنەوەی 16 كیلۆگرام بارووت خۆی كوشت.
رووداوەكە لە فرۆشگەیەكی یاریی تەقەمەنیی سەر بە ناوچەی "فیلیوف سورلو"بووە، كە ژنەكە خۆی كارمەندی ئەو فرۆشگەیە بووە، بە جۆرێك كە درەنگانێكی شەو هەستاوە، چووەتە كۆگەی كۆنكرێتیی فرۆشگەكە، سەرەتا كامێرای چاودێریی شوێنەكەی شكاندووە و دواتر گڕی بەرداوەتە 16 كیلۆ بارووتی رەش، بە هۆی تەقینەوەی بارووتەكەش گیانی لە دەست داوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، فرۆشگەكە ناوی "بوجاتی بیراتخنیك"ە، لە ساڵی 1896 دامەزراوە، لە ساڵی 1976 شوێنی بەرهەمهێنانەكەی كە ئەو ژنە كاری تێدا كردووە، گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی شار، لەبەر هۆكاری پاراستنی سەلامەتی و تەناهی.
ژنەكە دایكی دوو منداڵە، هاوسەرەكەی بە پۆلیسی راگەیاندووە، ئەو لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەكە لە خەو بێدار بووەتەوە، چونكە شوێنەكە لە نزیك ماڵەوەیانە، كە بێداریش بووەتەوە، ئەو نامە كاغەزەی بینیوە كە هاوسەرە خۆكوشتووەكەی جێی هێشتووە.
ئێستەش پۆلیسی ناوچەكە بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە.
سەرچاوە: rt