ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا دوور له چاوه‌ڕوانییه‌كان، به زوویی ماڵئاوایی له یۆرۆی 2020 كرد و زنجیره‌ی شكسته‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی یواخیم لوف له دوا وێستگه‌ی كاركردنیدا درێژه‌ی هه‌بوو، خه‌فه‌ت و بێتاقه‌تییش بۆ هانده‌ران و هه‌وادارانی مایه‌وه.
یاریی ئینگلته‌را و ئه‌ڵمانیا، كه ئه‌مشه‌و به شكستی ئه‌ڵمانیا له قۆناغی 16ی یۆرۆ له له‌نده‌ن كۆتایی هات، قسه‌وباسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، راستییه‌كه‌شی ئه‌ڵمانیا له هه‌ر پاڵه‌وانیه‌تییه‌ك بدۆڕێت، مشتومڕی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چونكه ئه‌ڵمانیا تیپی نازناو و یارییه‌كانی كۆتاییه و مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه.
ده‌مه‌وێت بڵێم، ئه‌وانه‌ی چاو‌دێر و هانده‌ری جیدی و به‌ئاگای ئه‌ڵمانیان، باش ده‌زانن ئه‌و تیپه‌ی به‌شداریی یۆرۆی كرد، جێی هیوا نه‌بوو بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه، ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆری هه‌یه.
گرنگترین هۆ، كۆتاییهاتنی سه‌رده‌می یواخیم لوفی راهێنه‌ر بوو له رووی پلان و گۆڕانكاری و ئه‌پده‌یتبوونه‌وه‌ی، كه پێم وایه ده‌بوو له دوای یۆرۆی 2016 ده‌ستی له كار بكێشایه‌وه، یان دووربخرایه‌وه، چونكه زۆربه‌مان ئه‌وه ده‌زانین ئه‌ڵمانیا له دوای مۆندیالی 2014، كه نازناوه‌كه‌ی برده‌وه، له‌گه‌ڵیدا نه‌وه‌یه‌ك له یاریزانان كۆتاییان هات، ده‌بوو گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره بكات، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كرد، له یۆرۆ 2016 یش له پێش كۆتایی به فڕه‌نسا دۆڕا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر مایه‌وه، دواتریش شكسته مێژووییه‌كه‌ی له مۆندیالی 2018 به‌سه‌ردا هات.
خۆی دیاره له ئه‌ڵمانیا راهێنه‌ری مانشافت به ئاسانی ناگۆڕێت، به‌ڵام ئێسته سه‌رده‌م گۆڕاوه، تۆپی پێ گۆڕاوه، زانست و كاركردنیش له‌م بواره‌دا گۆڕاوه، بۆیه ئه‌ڵمانیا به گشتی باجی ئه‌و قه‌تیسبوون و كلاسكیبوونه‌ی ده‌دات، كه له كاركردنی كارگێڕیی و پشتبه‌ستن به راهێنه‌رێك بۆ ماوه‌ی 15 و 20 ساڵ هه‌یه‌تی.
لوف بۆ یۆرۆی ئه‌مجاره‌ش به هه‌مان ئه‌قلیه‌تی یۆرۆ و مۆندیالی رابردوو كاری كرد، ته‌نانه‌ت كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی میدیا و خه‌ڵك و "موله‌ر و هامێڵز"ـی هێنایه‌وه تیپه‌كه‌ی، كه به‌راستی هه‌ردووكیان له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا خراپ بوون، به تایبه‌تی هامێلز، كه خاڵی لاوازی به‌رگری بوو.
دۆڕانی ئه‌ڵمانیا له یۆرۆی ئه‌مجاره، به بڕوای من پێوه‌ندیی به‌وه نه‌بوو، كه ئینگلته‌را زۆر باشتر بێت، نه‌خێر، ئینگلته‌را هیچ كات یارییه‌كی جوان و چێژبه‌خش ناكات، به‌ڵام زیره‌كانه‌تر مامه‌ڵه‌ی كرد، له هه‌ندێك ورده‌كارییدا له ئه‌ڵمانیا باشتر بوون، ئه‌گه‌رنا هه‌لی گۆڵ له یارییه‌كه‌دا بۆ هه‌ردوولا زۆر كه‌م بوو.
ئینگلته‌را زیره‌كیی له‌وه‌دا بوو به سێ یاریزانی "ئیرتیكاز" یاریی كرد، كه به ته‌واوی هێڵی پێوه‌ندیی ناوه‌ڕاست و هێرشبردنی ئه‌ڵمانیا پچڕاند و لوفیش هیچ كاردانه‌وه‌ی نه‌بوو.
جیا له‌وه، یاریكردن به سێ به‌رگریكار و ئه‌و ریتمه خێرایه‌ی ئه‌ڵمانیا یاریی پێ ده‌كات، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به تایبه‌تی پشتبه‌ستن به باڵه‌كان و هێرشی خێرا، چونكه ئه‌مه هه‌ڵه‌ی زۆری به‌دوادا دێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌ڵمانیا، بگره "فڕه‌نسا و پۆرتوگال"یش نزیكه‌ی به هه‌مان هۆكار شكستیان هێنا، چونكه ئه‌وانیش پشتیان به هێرشبه‌ره خێراكانیان به‌ستبوو، به‌ڵام ئه‌مه كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر جووڵه‌ی ته‌واوی تیپ هه‌یه له نێو یاریگه‌دا.
له به‌رامبه‌ردا ئینگلته‌را به ریتمی خێرا یاریی نه‌كرد، هێنانه پێشی یاریزانانی وه‌ك گیرلیش و جۆردان هێندرسنیش هه‌ر به‌م مه‌به‌سته بوو، كه ریتمی یارییه‌كه خاو بكه‌نه‌وه.
لوف به شێوه‌یه‌كی دیاریكراو له یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ودا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌شی كرد، كه گۆڕانكارییه‌كانی زۆر دره‌نگ ئه‌نجام دا، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به‌و عه‌قلییه‌ته هه‌یه، كه ئه‌و كاری پێ ده‌كات و ناتوانێت متمانه به یاریزانه نوێیه‌كانی بكات، ئه‌گه‌رنا چه‌ند یاریزانێكی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، له‌و ئاسته‌دا نه‌ماون له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیدابن.
ئێسته ئه‌ڵمانیا چووه ده‌ره‌وه و لوفیش كاره‌كه‌ی كۆتایی هات، ئه‌ڵمانییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئازاره‌ی به‌ده‌ست لوفه‌وه بینیان، به‌ڵام پێویسته سوپاسیشی بكه‌ن، چونكه تاكه راهێنه‌ره له مێژووی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا، مۆندیالی له خاكی ئه‌مریكای باشوور به‌ده‌ست هێناوه.
له رۆژانی داهاتووشدا ئه‌ڵمانیا و هانده‌رانی، چاوه‌ڕێی ده‌ستبه‌ركاربوونی "هانزی فلیك" ده‌كه‌ن، كه خاوه‌ن ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ بایرن میونشن، راهێنه‌رێكی گه‌نجه و ئه‌زموونی مۆندیال، چامپیۆنزلیگ و بۆندسلیگاشی زۆره، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فلیك گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له هه‌ڵبژارده‌كه بكات و بتوانێت تیپێكی باشتر بۆ مۆندیالی 2022 ئاماده بكات و نه‌وه‌ی نوێ مانشافت زیاتر بهێنێته پێشه‌وه.