پێشمەرگە 12 گوندی رزگار كرد و شەش كیلۆمەتریش لە مووسڵ دوورە

:: PM:03:09:20/10/2016 ‌

لە چوارەم رۆژی دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە هێرشیان كردووەتە سەر چەكدارانی داعش و جگە لە رزگاركردنی ١١ گوند، ژمارەیەك گوندیشیان گەمارۆ داوە.

پێشمەرگە لە هەریەك لە میحوەرەكانی ناوەران، باشیك و تلسقۆف سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە. لە ناوەران سەرجەم ئەو گوندانەی پلانیان بۆ دانرابوو كۆنترۆڵ كراونەتەوە كە بریتین لە سماقیە، دێرچ، باریما، فازلیە و خورسوبات، جەنجی، عومەر قەبجی و بەمەش هێندەی تر هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری مووسڵ نزیك بوونەتەوە و شەش كیلۆمەتر لە شارەكەوە دوورن.

لە میحوەری باشیك گوندەكانی خراپە دەلیل و هەردوو گوندی تیسخەراپەی گەورە و بچووك و پیرحەلان كۆنترۆڵ كراون.

داعش بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو هەوڵی داوە رێگری لە پێشرەوییەكانی پێشمەرگە بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبووە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی مینڕێژ كرابوون لە لایەن پێشمەرگەوە تەقێنراونەتەوە پێش ئەوەی زیان بە پێشمەرگە بگەیەنن. دەگوترێت تەنیا لە تیسخەراب هێزەكانی پیشمەرگە توانیوایانە دوو ئۆتۆمبێلی داعش بتەقیننەوە.

لە میحوەری تلسقۆفیشەوە پێشڕەوی بەرچاو كراوە و شەقامی بەستنەوەی مووسڵ بە دهۆك بە تەواوی كۆنترۆڵ كراوە و ئێستە ژمارەیەك گوند لە لایەن پێشمەرگەوە گەمارۆ دراون و گوندێكیش رزگار كراوە.

پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ پێشمەرگە سەرووی ٢٠ گوند رزگار بكات و قۆناغێكی تر لە هەڵمەتە قارەمانانەكەی بە سەركەوتوویی كۆتا پێ بهێنێت.

لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا ٣٠ هەزار پێشمەرگەی كوردستان بەشدارییان كردووە.


وشە - سلێمان تاشان