دوایین هەڵوێستی دیموكراتەکان لەسەر خەباتیان لە رۆژهەڵات


هەر دوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان بۆ "وشە"، دوایین هەڵوێستی خۆیان لەبارەی چالاكییەكانیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان خستە ڕوو و باسیان لەوە كرد هەمان هەڵوێستی ماوەی رابردوویان هەیە و هیچ گۆڕانكارییەك لە شێوەی چالاكییەكان و شوێنی چالاكاییەكانیان رووی نەداوە.

جێگەی باسە هەردوو حزبەکە ئەمساڵ لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بنكەیان كردەوە و بەشێك لە تیمەكانیان رەوانەی ئەو بنكانە كرد. هەردوو لایەنیش كۆمەڵێك جموجۆڵیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە.

مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راشكاوانە لە نەورۆزی ئەمساڵ باسی لەوە كرد كە دەست بە خەباتی چەكداری دەكەن دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لە چەند مانگی رابردووش تیمەكانیان رەوانەی زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووەتەوە و لە چەندان شوێن و ناوچەش شەڕ لە نیوان پێشمەرگە و سوپای پاسداران رووی داوە.

هەڵوێستی حزبی دیموكراتی كوردستان كە خالید عەزیزی سكرتێری گشتییەتی، تا رادەیەك جیاواز بووە و راستەوخۆ باسی لە خەباتی چەكداری نەكردووە، بەڵام گوتوویەتی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هێزەكانیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كارە تەشكیلاتی و رێكخستنەكانیان بەردەوام دەبن. پێشمەرگەكانی ئەو حزبەش ماوەی رابردوو لە سەردەشت بەسەر بۆسەیەكی هێزەكانی سوپای پاسداراندا كەوتن و دوو پێشمەرگەشیان شەهید بوون. 

حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حدكا بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتەكان و چالاكییەكانیان رووی نەداوە و لەسەر هەڵوێستەكانی رابردوویان سوورن. ئەو رەتی كردەوە پاشەكشەیان بە هێزەكانیان كردبێت. ئەو گوتی "لەسەر هەڵوێستەکانی خۆمان دژی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سوور و پێداگرین." 

هاوكات مستەفا مەولوودی جێگری سكرتێری گشتیی حدك بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە هیچ بەرنامەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ حدکا نەبووە تا بە یەكەوە بڕیاری كشانەوە بدەن. ئەو روونی كردەوە پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان هەر لە شوێنی چالاكییەكانی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییەك لە كار و چالاكییەكانیان رووی نەداوە. 

مەولوودی لەبارەی دانیشتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوان لە رابردوودا گوتی، شاندەكە باس لە دۆخی هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوانیش سەرنجی خۆیان لەبارەی دۆخی حزبە سیاسییەكان خستووەتە ڕوو. ئەو بەرپرسەی حدك گوتیشی "هەردوولا دۆخی یەكتر دەرك دەكەین و پێمان گوتوون بێ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بگەیەنن، لە خەباتمان بەردەوام دەبین."
 
لە ماوەی رابردوو حکوومەتی ئێران بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەی دیموکرات لە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان چەند جارێک سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە و زیانی بە ژینگە و رەز و باخی جووتیاران و ئاژەڵداران گەیاندووە.

پێویستە بگوترێت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 2006 تووشی لێکترازان هات و ئەو باڵەی لە حزبەکە جیا بۆوە، لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان درێژەی بە خەبات دا. لەو کاتەوە کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە تا ئەو دوو حزبە یەک بگرنەوە بەڵام  سەرجەم هەوڵەکان شکستیان هێناوە. حزبی دیموکرات لە ساڵی 1945 دامەزراوە.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان


PM:03:30:01/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌