نه‌یمار دا سێلڤای یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل له لێدوانه سه‌یر و بێزاركه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین به‌رده‌وامه و پێی وایه ئه‌مشه‌و باشترین ئاستی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌مشه‌و سه‌عات 03:00 به كاتی كوردستان "به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی یه‌كشه‌م" هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل و ئه‌رجه‌نتین له فایناڵی كۆپا ئه‌مریكای 2021 رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه.
نه‌یمار له توویته‌ر چه‌ند سه‌عاتێك پێش یارییه‌كه توویتێكی كردووه و نووسیویه‌تی "شه‌وی نه‌یمار كارا كرا"، كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له باشترین ئاستی خۆیدا ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین.
نه‌یمار پێش یارییه‌كه‌ی نێوان ئه‌رجه‌نتین و كۆڵۆمبیاش لێدوانێكی دا و رای گه‌یاند، به هیوای ئه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین یاریی بكه‌ن، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه بوو ده‌توانن له ئه‌رجه‌نتین ببه‌نه‌وه و جامه‌كه به‌ده‌ست بهێنن.
نه‌یمار وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌شی دابووه‌وه، كه به‌ڕازیلیین، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌رجه‌نتین ببێته پاڵه‌وان، چونكه هانده‌ری مێسیین.
نه‌یمار له ئینستاگرام له ستۆریدا رای گه‌یاند، ئه‌و شانازیی ده‌كات به‌ڕازیلییه و له پێناو تیپی وڵاته‌كه‌یدا ده‌جه‌نگێت.
سه‌باره‌ت به مێسیی هاوڕێشی، ئاماژه‌ی به‌وه دابوو، كه ئه‌وان هاوڕێن، به‌ڵام ئێسته ركابه‌رن.