هەواڵی شەهیدبوونی فەرماندەیەكی پێشمەرگە رەتدەكرێتەوە

:: PM:03:21:20/10/2016 ‌

پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی شەهیدبوونی فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە چەند كەناڵێكی میدیایی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵام دەركەوت ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە تەنیا بریندار بووە و شەهید نەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی تشرینی یەكەم، لە دەستپێكی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە چەند میحوەرێكی وەك باشیك، ناوەران، تلسقۆف و بەنداوی مووسڵ، لەلایەن چەند میدیایەكی كوردستانی و عێراقی هەواڵی شەهیدبوونی لیوا مستەفا گۆرۆنی فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی سۆران بڵاو كرایەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە" لیوا مستەفا گۆرۆنی، سەرەڕای برینداربوونی لە میحوەری باشیك و ناوەران، لە ئێستەدا بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و باری تەندروستی جێگیرە.

برازایەكی گۆرۆنی بە "وشە"ی راگەیاند، تەندروستی لیوا مستەفا گۆرۆنی جێگیرە و ئەگەر پێویست بكات ئامادەیە بۆ بەرەكانی جەنگ بگەڕێتەوە.

لیوا مستەفا گۆرۆنی پێشمەرگەی دێرین و لەوەتەی شەڕی داعشەوە، لە میحوەری باشیك دەجەنگێت. 

وشە/هەولێر-رامیار جەواد




وشە - رامیار جەواد