خه‌ڵك خولیای سه‌یر و جیاواز و نامۆیان هه‌یه و پیاوێكی شاری دهۆكیش كه ته‌مه‌نی 66 ساڵه و نزیكه‌ی 50 ساڵه حه‌ز و خولیا و هیوا و ئاواتی بووه به كۆكردنه‌وه‌ی ته‌سبیحی گرانبه‌ها، ئێسته‌ش خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ته‌سبیحی گرانبه‌هایه كه زۆرینه‌ی ته‌سبیحه‌كانی زیاتر له ملیۆنێك دینار پاره ده‌كه‌ن و ته‌واوی تهسبیحهكانیشی به ئۆتۆمبێلێكی جۆری مۆنیكا نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ناسراو به محه‌مه‌د سیاری، له ساڵی 1951 له گوندی سیاری شاری دهۆك له دایك بووه و دواتر بووه به پێشمه‌رگه و له شۆڕشی ئهیلوول و گوڵان به‌شداری كردووه و ئێسته‌ش پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه، ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، تا ئێسته 25 ته‌سبیحی گرانبه‌هام هه‌یه و نرخی هه‌ر یه‌كێكیان له ملیۆنێك دینار زیاتره، زۆر حه‌زم به ته‌سبیحی گرانبه‌هایه به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له به‌رده ده‌گمه‌ن و جوانه‌كانی ژێر ده‌ریاوه دروست كراون، ئه‌و 25 تهسبیحهم له‌و جۆره به‌ردانه دروست كراون و ئاماده نیم هیچ یه‌كێكیان بفرۆشم، ئه‌گه‌ر مردیشم وه‌سیه‌تم بۆ منداڵه‌كانیشم ئه‌وه‌یه وه‌ك یادگاری ئه‌و ته‌سبیحانه هه‌ڵگرن و هیچ كات نهیانفرۆشن.
ئه‌و پێشمه‌رگه كۆنه‌ی شۆڕشی كوردستان كه ئێسته به‌ته‌مه‌ندا چووه، جگه‌له‌و ئاره‌زووه‌ی بۆ ته‌سبیحی گرانبه‌ها هه‌یه‌تی، شاره‌زایی زۆریشی له دروستكردنی گۆچانی كوردهواری هه‌یه و ده‌ڵێ، پێشتر زۆر گۆچانم دروست ده‌كرد و دهمفرۆشتنهوه، دوو جاریش به پاره‌ی ئه‌و گۆچانانه‌ی دروستم كردن، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م حه‌جمان كردووه، كه‌چی ئێسته ناتوانم گۆچان دروست بكه‌م و خۆم به گۆچان ڕێگه ده‌بڕم.
محه‌مه‌د سیاری ڕۆژێك چووه‌ته شوێنێك دانیشتووه و كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیش كه زانیاری وردی له‌سه‌ری هه‌یه و ده‌زانێ ئه‌و ته‌سبیحه‌كانی زۆر به نرخ و گرانبه‌هان، ده‌چێته لای و لێی پرسیوه تهسبیحهكان بفرۆشه بهمن، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه، دواجار ئه‌و كه‌سه ده‌وڵه‌مه‌نده كه ئۆتۆمبێلێكی جۆری مۆنیكای لا بووه و سویچی مۆنیكاكهی داوه‌ته ناوبراو و پێی گوتووه له به‌رامبه‌ر تهسبیحهكانت ئه‌و مۆنیكایهت پێ ده‌ده‌م، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ تهسبیحهكانم هیچ كات بۆ فرۆشتن نین.
له‌گه‌ڵ باسكردنی چیرۆكی ته‌سبیحه‌كانی، محه‌مه‌د سیاری باسی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی خۆیشی كرد و ده‌ڵێ، ئێمه كه پێشمه‌رگه بووین و سه‌ركرده‌كان و پێشمه‌رگه‌ش هه‌موو به وره‌وه ده‌جه‌نگاین، هه‌رچه‌ند چه‌كی كه‌ممان هه‌بوو، به‌ڵام وره و هێزمان له چه‌ك به‌هێزتر بوو، ئێسته‌ش پێشمه‌رگه به‌رامبه‌ر دوژمن وه‌ستاوه و شكستی پێ داون، به‌ڵام پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌وسا و ئێسته وه‌ك یه‌ك نییه و ئێسته زۆر هه‌ن به‌دوای پاره كه‌وتوون.
دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری