فوئاد حوسێن ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له دیدارێكی "وشه"دا باس له ڕێككه‌وتنی به‌غدا و تاران ده‌كات بۆ دانانی لووله‌ى نه‌وتی كه‌ركووك-ئێران و ده‌ڵێ، به‌بێ یه‌كه‌ی كارگێڕیی كه‌ركووك و هه‌رێمی كوردستان، بۆ توركیا بێ یان ئێران، هیچ لایه‌ك ناتوانێ یه‌ك دڵۆپ نه‌وتی كه‌ركووك هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، پێكهاته‌كانی كه‌ركووك ڕازی نابن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، بڕیار له‌سه‌ر سامانی سروشتی شاره‌كه بدرێت.
نه‌وتی كه‌ركووك ئێسته چۆن هه‌نارده ده‌كرێ و هه‌ڵوێستتان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی تاران و به‌غدا له‌وباره‌وه چییه؟
هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕووی زانستییه‌وه به سێ جۆر ده‌بێ، یه‌كه‌میان له ڕێگه‌ی ده‌ریاوه وه‌ك عێراق له كه‌نداو به‌كاری ده‌بات، دووه‌میان له ڕێی تانكهرهوهیه و سێیه‌میشیان له ڕێی بۆڕیی نه‌وته‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووكه له ڕێی بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه ده‌گاته به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی و له‌وێوه هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی دنیا ده‌كرێ. ئه‌وه‌ی له باره‌ی بۆڕیی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ئێرانیش ده‌گوترێ، ئێمه ته‌نیا له میدیاكان بیستوومانه.
ئه‌گه‌ر تاران و به‌غدا ئه‌و بۆڕییه دابمه‌زرێنن، ئێوه ئاگه‌دارن یان كاردانه‌وه‌تان چۆن ده‌بێ؟
به واقیعی و به فه‌رمی تا ئێسته هیچ شتێكی وامان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، هه‌ر ڕێككه‌وتنێكیش بكرێ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و یه‌كه‌ی كارگێڕیی كه‌ركووك، به ته‌واوی پێچه‌وانه و پێشێلی ده‌ستووری عێراقه، چونكه ماده‌ی 112ی ده‌ستوور زۆر به ڕاشكاوانه ده‌ڵێ، ڕه‌نگڕێژی سیاسه‌تی نه‌وت ده‌بێ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ به هه‌ماهه‌نگی و یان كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌رێم و پارێزگایانه بێ كه نه‌وتیان هه‌یه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌م ماده‌یه‌ی ده‌ستووری پێشێل كردووه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانه و هه‌ر شتێكیش له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركووك بێ، ئه‌وا بێگومان په‌سه‌ند نییه. ئێمه داوا ده‌كه‌ین ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه بگاته ئێمه و بزانین تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كه‌ركووك و ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی شاره‌كه‌مان لا گرنگه، كه‌ی زانیمان تا چه‌ند له قازانجی خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌بێ، ئه‌وكات وه‌ڵامی پێویست و دروستمان ده‌بێت.
به‌ڵام وه‌ك ده‌زانن له عێراقدا به‌رده‌وام ده‌ستوور و یاسا پێشێل ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر به‌غدا ماده‌ی 112ی ده‌ستوور و ماده‌ی 140ی پێشێل كرد، ئه‌وكاته چی؟
ئه‌گه‌ر به‌غدا هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه بنێ، ئه‌وكات ئێمه ڕێگه‌ی یاسایی ده‌گرینه به‌ر و دادگای فیدراڵیمان هه‌یه، دواتر ئه‌مه‌ش بكات هه‌ر ناتوانێ، ئێسته باشووری كه‌ركووك پێشمه‌رگه ده‌یپارێزی و ناوخۆی شار ئێسته پۆلیس و ئاسایشی كه‌ركووك ده‌یپارێزێ، به‌بێ ئه‌وانه ناتوانرێ نه‌وت هه‌نارده بكرێ.
ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌بێ كورد و هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ؟
+ ئه‌و بۆڕییه ئه‌گه‌ر دابنرێ بۆ توركیا بێ یان بۆ ئێران، ده‌بێ ده‌بێ به‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بڕوات، چونكه هیچ ڕێگه و ده‌روازه‌یه‌كی تر نییه تا نه‌وتی كه‌ركووكی پێ هه‌نارده بكرێ، كه‌واته بێ ڕه‌زامه‌ندی كوردستان ناكرێت و یه‌ك دڵۆپ نه‌وتی كه‌ركووك ناتوانرێ هه‌نارده بكرێ. جگه‌له‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق ناكۆكی له‌سه‌ره له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌وایه به‌بێ هه‌رێمی كوردستانیش ناكرێ هیچ ڕێككه‌وتنێك بكرێ له‌سه‌ر نه‌خشه و ڕه‌نگڕێژی سیاسه‌تی نه‌وت و ستراتیجیی نه‌وتی كه‌ركووك، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه هه‌یه و پێشتر كۆمپانیای "بریتش پترۆلیۆم" كه به "بی پی" ناسراوه، هات له كێڵگه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك وه‌به‌رهێنان بكات، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێبینی له‌سه‌ر هه‌بوو، به‌و هۆیه‌وه كاره‌كانی سه‌ری نه‌گرت، له‌به‌ر ئه‌وه هیچ ڕێككه‌وتنێك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌بێ هه‌رێمی كوردستان و یه‌كه‌ی كارگێڕیی كه‌ركووك جێبه‌جێ ناكرێت.
پێكهاته‌كانی كه‌ركووك له‌وباره‌وه چی ده‌ڵێن؟
هیچ ڕێككه‌وتنێك سه‌ركه‌وتوو نابێ ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی پێكهاته‌كانی كه‌ركووكی له‌سه‌ر نه‌بێ كه ئه‌ویش له نێو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا خۆی ده‌بینێته‌وه. من له‌و بڕوایه‌دام هیچ یه‌كێك له پێكهاته‌كانی كه‌ركووك ڕازی نین له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت و سامانی سروشتی كه‌ركووك بكرێ، به‌دیهێنانی ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه و به ئاسانی جێبه‌جێ ناكرێت.
له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای و لیژنه‌ی نه‌وت و گاز ئه‌و پڕۆژه‌یه باس كراوه؟
تا ئێسته ئه‌و بابه‌ته باس نه‌كراوه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ناوه‌رۆكی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌مان پێ بگات، ئه‌وكات قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ. ئێسته‌ش ده‌ستمان به به‌دواداچوون كردووه و پێوه‌ندیمان به كۆمپانیای نه‌وتی باكور كردووه، كۆمپانیای نه‌وتی باكوریش پێیان ڕاگه‌یاندووین كه هیچ نووسراوێكمان پێ نه‌گه‌یشتووه.
تێچوو و كاتی پڕۆژه‌كه چه‌ند ده‌بێ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێ، ئایا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ؟
بێگومان تێچووی زۆری پێویسته و كاتی زۆریشی ده‌وێ، به بڕوای من دوو تا سێ ساڵی پێویست ده‌بێ تا پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ بكرێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش سه‌رجه‌م كێڵگه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك ماندوون و پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و هێنانی ته‌كنیكی پێشكه‌وتووتر هه‌یه، تا توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیاد بكرێ، به‌بێ زیادكردنی توانای به‌رهه‌مهێنان ئه‌و پڕۆژه‌یه هیچ سوودێكی نابێ.