گەشەی ئابووریی چین لە سێ مانگی سێیەمی ئەمساڵدا گەیشتە 6.7%

:: PM:04:15:20/10/2016 ‌

ئابووریی چین لە سێ مانگی سێیەمی ئەمساڵدا گەشەی كردووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو گەشە ئابوورییەكەی خێراتر بووە.

بەگوێرەی رۆیتەرز، فەرمانگەی ئاماری چین رۆژی چوارشەم بڵاوی كردەوە لەو سێ مانگەدا رێژەی گەشەی ئابووریی چین 1.8% بووە. بە گوتەی سەرچاوەكە، هێشتا ناتوانن بڵێن بناغەی گەشەی ئابووریی چین بەهێز بووە و گەڕاوەتەوە دۆخی جارانی.

حكوومەتی چین بڕی دیاریكراوی گەشەی ئابووری بۆ تێكرای ساڵەكەی بە 6.5% تا 7% دەستنیشان كردووە، بۆیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پلانی نوێی ئابووری داناوە.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو چاوەڕوانی ئەوەی هەیە گەشەی ئابووریی چین تا ساڵی 2020 بۆ خوارووی 6% داببەزێت.

رێك ساڵی رابردوو لەم كاتەدابوو كە رێژەی گەشەی ئابووریی چین گەیشتە نزمترین ئاست لە ماوەی شەش ساڵی رابردووی. لە كۆتای 2013ەوە ئابووریی چین رووی لە پاشەكشە كردووە.

چین هەوڵی داوە وڵاتەكەی لە هەناردەكەرێكی بەهێزەوە بكات بە وڵاتێكی بەكاربەر و خزمەتگوزاری. بەگوتەی لێكۆڵەرەوانی ئابووری، دابەزاندنی هاوردە ئەو راستییەی دەرخستووە كە هێشتا ئاستی داخوازی لەسەر بەرهەمی دەرەكی، لە چین لە خوارەوەیە.

هەر ساڵی رابردوو لەم كاتەدا بوو كە چالاكییەكانی بەشی بەرهەمهێنان لە چین گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا.

لە دەیەی رابردوودا ئابووریی چین لە گەشەیەكی زۆر خێرادا بوو و تەنانەت دوای قۆناغی سستبوونی ئابووریی دنیایش، رەوتی گەشەی ئابووری لەو وڵاتە هەر بەردەوام بوو.

پێویستە بگوترێت چین دووەم وڵاتی زلهێزی ئابووریی دنیایە كە بەرهەمەكانی هەناردەی زۆرینەی وڵاتانی دنیا دەكات و لە ئابووریی دنیادا رۆڵێكی گەورە دەبینێت. ئەگەر ئابووریی چین تووشی هەر گۆڕانكارییەك ببێت، ئەوا دواجار كاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتانی تر جێ دەهێڵێت.

سەرچاوە/بی‌بی‌سی-ئیرنا


وشە - سلێمان تاشان