مۆزەخانەی عێراق بەڕووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە

:: PM:05:39:30/07/2021 ‌
دواى ئه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مه‌ریكا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، "17 هەزار پارچەی شوێنەواریمان بۆ وڵات گەڕاندوەتەوە"، فەرمانیان کردووە بە سەرلەنوێ كردنەوەی مۆزەخانەی عێراق بەڕووی هاووڵاتییان.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى ته‌مووز، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر باسى له‌وه‌ كردووه‌، "لەگەڵ گێڕانەوەی 17 هەزار پارچەی شوێنەواریی لەگەڵ ئەو شاندەی سەردانێكی سەركەوتوانه‌مان بۆ واشنتن ئەنجامدا، فەرمانمان كرد بە سەرلەنوێ كردنەوەی مۆزەخانەی عێراق بەڕووی جەماوەردا".

زیاتر هاتووه‌، "ئامانجی بڕیارەکەیش بۆ ئەوەیە ببێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ ئیلهام وەرگرتن لە بەها شارستانییە دێرینەكان و شوناسی نیشتمانی ڕەسەنمان له‌لاى هاووڵاتییان".

پێشتر وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق ڕوونى كردبوویه‌وه‌، لە هەوڵدایە بۆ ئەمساڵ شوێنە گەشتیارییە شوێنەوارییەكان لە سامەڕا و بابل و ئەهوار نۆژەن بكەنەوە. تاكو ئێسته‌یش توانراوە 50%ی شوێنەوارە بگەڕێنینەوە كە لە دوای 2003 دزراون. لە بودجەی 2020 بڕی 20 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەكانی سامەڕا و بابل و ئەهوار تەرخان كراوە، جگە لەمەیش هەوڵی كردنەوەی مۆزەخانە لە كەركووك و میسان و مووسڵ دەدەن و پلان دانراوە كە شوێنەوارە ئاینییەكان بخرێنە سەر وەقفە ئاینییەكان و دووبارە نۆژەن بكرێنەوە.


وشە - محەمەد میران