هونەرمەندێكی كەنەدی بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی دەگیرێت

:: PM:12:18:01/08/2021 ‌
كریس وۆ كە هونەرمەندێكی كەنەدییە و بەڕەگەز چینییە، ئێستە لەلایەن پۆلیسی چینەوە گیراوە و تۆمەتبارە بە دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر كچێكی 17 ساڵی چینی. بەپێی گوتەی پۆلیس ئەو وڵاتە، ئێستە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، كریس وۆ نازناوی هونەرمەند وۆ یێڤانە كە گۆرانیبێژ و ئەكتەرە، تەمەنی گەیشتووەتە 30 ساڵ، لە 2014دا چینی بەرەو كەنەدا بەجێهێشتووە و زۆرینەی كارە هونەرییەكانی لە كەنەدا بەرهەم هێناوە. هاوكات رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە و بە هونەرمەندێكی كەنەدی دەناسرێتەوە.

ئەو سكاڵا و رووداوە تەواوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی چینی داگیر كردووە.


بەپێی پێگەكە، هەفتەی رابردوو قوتابییەكی چینی كە ئێستە تەمەنی 19 ساڵە، سكاڵای لەسەر كریس وۆ تۆمار كردووە كە دوو ساڵ بەر لە ئێستە تەمەنی 17 ساڵ بووە، كریس دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتەسەر. ئەو سكاڵا و رووداوە تەواوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی چینی داگیر كردووە.

لەوبارەیەوە پۆلیسی چین رای گەیاندووە، بەهۆی ئەو سكاڵایەوە ئێستە كریس وۆ گیراوە و لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە. پۆلیس دەڵێ ئەو تۆمەتبارە لە چین ناوی وۆ یێڤانە، دوای ئەوەی چینی بەجێهێشتووە و چووەتە كەنەدا، ناوەكەی بە كریس وۆ گۆڕیوە.

ئەو كچەكەی كە كریس وۆی بە دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر خۆی تۆمەتبار كردووە، ناوی دۆ میجۆیە و گوتوویەتی، ئەوكات تەمەنی 17 ساڵ بووە و پێوەندیی خۆشیویستیی لەگەڵیدا هەبووە، لە چوونە دەرەوەیەكیاندا، دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری.

بەڵام وەك پارێزەرەكانی كریس وۆ باسی دەكەن، ئەو هونەرمەندە تۆمەتەكەی رەت كردووەتەوە. 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د