لە هێرشێكی داعش لە سەڵاحەدین حەوت كەس دەبنە قوربانی

:: AM:09:14:02/08/2021 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە هێزە تەناهییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند، ژمارەیەك لە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هێرشیان كردووەتە سەر گوندێكی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، دوو كەسیان كوشتووە و پێنج كەسی تریش بریندارن. دوای كردەوەكەیان ناوچەكەیان بەجێهێشتووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم دووی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، ئەو هێرشەی داعش بۆ سەر گوندی ئەلبو جواریی سەربە شارۆكەی زلوعییەی باشووری سەڵاحەدین بووە. زۆرینەی قوربانییانی ئەو هێرشە لە یەك خێزاندا بوون كە حەوت قوربانین.

سەرچاوەكە زیاتر گوتوویەتی، چەكدارەكان لە درەنگی شەوی رابردوو هێرشەكەیان ئەنجام داوە، كوژراوەكان یەكیان مامۆستایەك بووە و ئەویش تریان برای مامۆستا بووە، هاوكات پێنج كەسی تریش بریندارن كە سەرجەمیان سەربە یەك خێزانن.

ئەوەشی گوتووە كە كاتێك هێزەكانی تەناهی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، چەكدارەكان ناوچەكەیان بەجێهێشتووە و بەرەو دارستانەكانی ناوچەكە هەڵاتوون. سەرجەم قوربانیان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. لێكۆڵینەوەیش لەو رووداوە بەردەوامە.

ناوچەی زلووعییە بەناوچەیەكی گەرمی رووداوە تیرۆریستییەكان هەژمار دەكرێ، بەوە دەناسرێتەوە كە زۆرینەی داعشەكانی ئەو ناوچەیە بەهۆی دارستانەكان كە چڕن، خۆیانی لێ دەشارنەوە.

شارۆكەی زلووعییە بە دووری 80 كیلۆمەتر لە باكوری بەغدا هەڵكەوتووە، دەكەوێتە رۆژهەلاتی رووباری دیجلە. ژمارەی دانیشتووانی 55 هەزار كەس دەبن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د