ئەمەریكا: ئێران لە پشتی هێرشكردنەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكەیە و وەڵاممان دەبێت

:: AM:10:05:02/08/2021 ‌
لەدوای ئیسرائیل و بەریتانیا، ئەمەریكاش ئێرانی بە هێرشكردنەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی كەنارئاوییەكانی عومان تۆمەتبار كرد كە كەسێكی ئیسرائیلی خاوەندارێتی دەكات. ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بەڵێنی داوە وەڵامی ئێران دەدەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی داوە، لەگەڵ هاوبەشەكانی كە مەبەستی ئیسرائیل و بەریتانیایە، لە راوێژ و گفتوگۆدایە تا بتوانێ وەڵامێكی گونجاوی ئەو هێرشە بداتەوە.

بە گوتەی بلینكن، ئەمەریكا لە تۆمەتباركردنی ئێران پشتی بە بەڵگە بەستووە و بۆی دەركەوتووە ئێران لە 29ی مانگی تەمووزی رابردوو، بە پشتبەستن بە درۆن و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی تایبەت بە تەقینەوە، ئەو هێرشەی ئەنجام داوە.

ئەو جۆرە كردەوانەی ئێران دەبێتە هۆی مەترسیییەكی گەورە بۆ سەر ئازادی بازرگانی دەریایی

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێی وایە ئەم هێرشە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، ئەو جۆرە كردەوانەی ئێران دەبێتە هۆی مەترسیییەكی گەورە بۆ سەر ئازادی بازرگانی دەریایی و بازرگانی نێودەوڵەتی، بەهۆیەوە گیانی سەرنشینەكانیش دەكەوێتە مەترسییەوە.

پێشتر دومینیك رۆب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێرانیان بە هێرشكردنەسەر كەشتییەكە تۆمەتبار كردبوو، بەڵام ئێران هێرشەكەی رەت كردووەتەوە.

كۆمپانیای زۆدیاك رۆژی هەینی ئاشكرای كرد، چەتەكانی دەریا هێرشیان كردووەتەسەر كەشتییەكی ژاپۆنی لە زەریای هیندی و بەهۆیەوە دوو سەرنشینی كەشتییەكە كوژراون. دواتر ئاسۆشێتدپرێس بڵاوی كردەوە كەشتییەكە هی ملیاردێرێكی ئیسرائیلییە.

ئێران تەنیا بۆ ئیسرائیل كێشە نییە، بەڵكو كێشەیەكی جیهانییە


كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلعالەم كە سەربە ئێرانە، پێشتر گوتبووی هێزەكانی بەرگری لە سووریا بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتووە. بەگوتەی سەرچاوەكە، هێرشكردنەسەر ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرە لە دەریای عومان، وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بووە كە بۆ سەر فڕۆكەخانەیەكی سووریا ئەنجام دراوە.

یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا، تیرۆریزمی ئێرانی سەركۆنە كردووە و گوتوویەتی، ئێران تەنیا بۆ ئیسرائیل كێشە نییە، بەڵكو كێشەیەكی جیهانییە و زیان بە ئازادی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی دەگەیەنێت.

ئەو داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو بەرانبەر ئەو كارەی ئێران بێدەنگ نەبن. لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراوەتە سەر ئێران، حكوومەتی ئەو وڵاتە هێشتا هیچ هەڵوێستێكی نەبووە.


وشە - سلێمان تاشان